وەلید عومەر
زۆرجار بە کەمێک ستایشەوە، ڕۆشنبیر بە «خوێنەوار» ناودەبرێت. لەجیاتیی ئەوەى بە هەمان تۆنى ئەرێنییەوە بە کەسەکە بگوترێت “ڕۆشنبیر”، پێىدەوترێت “خوێنەوار”. لەمەشدا مرۆڤ وەک زۆر شتى تر، دەبێت گومان لە ناو و نازناو و ناونانەکان بکات. نەخوازەڵا بۆ کۆمەڵگایەک کە هەزار فێڵى داهێناوە بۆ نەجووڵان، چەندین میکانیزمى بەرگریی داهێناوە تاکو شتى کۆن بە نرخى نوێ بفرۆشێتەوە. وشەى خوێنەوار، پتر وشەیەکى پێشمۆدێرنە و لەبرى چەمکێکى مۆدێرنى وەک ڕۆشنبیر (intellectual) بەکاردەهێنرێت. خوێنەوار، ناوى کەسێکە هێشتا لە دەورودەرسدایە، فێرى نوسین و خوێندنەوە بووە؛ بەڵام مەرج نیە ئاگاییەکى ڕەخنەیی دەرهەق بە مێژوو و کۆمەڵگا هەبێت و تەنانەت دەشێت ئەویش بونیادە کۆمەڵایەتى و کەلتورى و مێژووییەکان وەک خۆى بەرهەمبێنێتەوە و بچێتە خزمەتى کۆنەپارێزییەوە. لە وشەى «خوێنەوار»دا، جۆرێک یەکانگیرى و خۆگونجاندن هەیە لەگەڵ کۆمەڵگادا، بەڵام وشەى ڕۆشنبیر (لانیکەم لە مانا بنەڕەتى و ستانداردەکەیدا) کەلێنێک دەخاتە نێوان ئاگایی خۆى و ئاگایی کۆمەڵگاوە. خوێنەوار، وشەیەکى سەلامەتە کۆمەڵگا بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەى درز و کەلێنەکانى خۆى نەبینێت؛ بەڵام “ڕۆشنبیر” گوماندەکات، گومانێکى میتۆدى نەک گومانێکى دەروونیی وەسواسى.
گومانى میتۆدى، جیایە لە گومانى وەسواسى. یەکەمیان، کەسى بیرکەرەوە بڕیاردەدات بەشێوەیەکى ئاگایانە گومان لەسەر ئەو شتانە دابنێت کە کۆمەڵگا بە شتى یەقینى و دڵنیاى دەزانێت. بەڵام گومانى وەسواسى، پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە ڕۆشنبیرەوە نیە و حاڵەتێکى پارانۆیاییە. لەنێوان «خوێنەوار» و ڕۆشنبیردا، ئەوە ڕۆشنبیرە گومانى میتۆدى دەکات و گومانەکانى خۆى تا دواسنور ڕادەکێشێت و دەیکات بە پرۆژە. کەسى «خوێنەوار» بە وتەى کۆمەڵگا، کەسێکە دەشێت زانیاریی کۆکردبێتەوە و شتێک لە مەعریفەشى خوێندبێتەوە، بەڵام ئەمانە ئەویان نەگۆڕیوە بۆ بکەرێکى ڕەخنەگر و گومانکار. کاتێکیش وشەى “ڕەخنە” بەکاردێنم، مەبەستم مانا قووڵە فەلسەفییەکەیەتى کە لە کانتەوە بۆ مارکس و ئەدۆرنۆ درێژدەبێتەوە و بە “بیرکردنەوەى ڕەخنەیی” ناودەبرێت. «خوێنەوار» دەتوانێت دەق بخوێنێتەوە، شت ئەزبەربکات، ملکەچى پێوەرەکانى کۆمەڵگاکەى بێت؛ بەڵام ئامانجى ڕۆشنبیر بەگەڕخستنى ڕەخنەیی مەعریفەیە دەرهەق بە هەموو جومگەکانى کۆمەڵگا. واقیعى ئێمە لەم ڕووەوە خوێنەوارى هەیە و ڕۆشنبیریش تا ئاستێکى زۆرکەم. کەمن ئەوانەى شان بدەنە ژێر گومانێکى میتۆدى و تەنانەت گومانە وەسواسییەکانیش هەر لە مەنگەنەى ئەو گومانە میتۆدییە بدەن و هەموو شتێکى بوون و ژیانى پێ بخوێننەوە (کەمێک دوورتر لە باسەکە، دەتوانین بڵێین: دیکارت گومانێکى میتۆدیی لە هەموو شت کرد، بەڵام غەزالى زیاتر بە لاى گومانێکى دەروونییدا ڕۆیشت و دوایی تۆبەى کرد).
خوێندەوارى، لکاوە بە پرسى دەزگاوە، دەزگاى خوێندن. دەزگاش سەردەکێشێت بۆ لەدایکبوونى “فەزاى گشتى” یان “فەزاى بابەتى”. دەزگا، تاکەکەس لە خێزان دەباتەدەرەوە و دەیخاتە پەیوەندییەکى ئۆرگانییەوە بە کۆمەڵگاوە. بەڵام ئەم پرسە لاى ئێمە وەک پێویست ڕوون نیە. «خوێنەوار» ئەو کەسەیە کە شتێکى خوێندووە و لە نەستى کۆمەڵگادا شمولى هەردوو قۆناغى پێشمۆدێرن و مۆدێرنیش دەکات. بەڵام خوێندن و بڕوانامە پێشمەرجێکى هەرەسادەى ڕۆشنبیرە. تەنانەت کەم نین نمونەى ئەو ڕۆشنبیرانەى وا بەو فلتەرەشدا تێنەپەڕیون و ئەرکى خۆیشیان وەک ئەرکى ڕەخنەگرێک ڕاپەڕاندووە. ڕۆشنبیر بۆ ئێمە، زیادەیەکى هەرسنەبووى سەر وشەى «خوێنەوار»ـە، بۆیەشە هەرسکردنى ئاسان نیە چونکە وەهم و فەنتازیا دێرینەکانى عەزێتدەدات. لە وشەى «خوێنەوار»دا مرۆڤێکى بێوەى دەبینین کە پتر خەریکى کەڵەکەکردنى زانیارییە بەبێ هیچ دید و ئاراستەیەکى ڕەخنەیی. چەندێتییەکە لە دونیاى کۆن و ڕزیودا ماوەتەوە و فۆرمى نوێشى هاتووەتەسەر. هەتا گەر کەمتاکوت ئاوڕدانەوە لە وشەى ڕۆشنبیر لەناو جیلە تازەکاندا هەبێت، یەکسەر دەبەسترێت بە سیاسەت و ڕەخنەى سیاسییەوە- ئەویش بە زمانێکى حەماسى و کرچ. بەکورتى، فەزاى بابەتى کە جیایە لە فەزاى شەخسى، لەگەڵ گەشەى هۆشیاریی ڕەخنەییدا گەشەدەکات.
دیارە ئەمڕۆ لە هەندێک کەلتورى جیهاندا، وشەى خوێنەوار بۆ هەندێک بوار و کایەى دیاریکراو بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام هەر کەلتورێک بۆ مەبەست و کارکردى جیاجیا وشەکان بەکاردەهێنێت. «خوێنەوار» لە چاوى کۆمەڵگاوە، کەسێکە لەسەر ڕاستەهێڵى خوێندنى حوجرە، بە هەمان هەڵسوکەوت و پێگەى کۆمەڵایەتى و هتدەوە. وەک وتمان، مەگەر ئەو ڕەهەندەى چووبێتەسەر کە دەبێت بەردەوام خەریکى هوتافى سیاسى بێت نەک هۆشیاریی سیاسى. بەڵام ڕۆشنبیر لەقووڵاییدا تەنیا ناوى یەک کەس نیە، بەڵکو ناوى بەشێکە لە کۆمەڵگاى مۆدێرن کە ناچارە تا ناو نهیلیزم، لەگەڵ عەقڵ و بیرکردنەوەدا بڕوات و کۆتا ئۆبێکتى ببێتە «هیچ». مەبەست لەو «هیچ»ـەش، قۆڕیاتى ڕەشبینى و گەشبینى نیە. بەڵکو ڕۆیشتنە تا سەر سفرکردنەوەى هەموو شتێک، ئیدى لە پێشگریمانەکانەوە بیگرە تا هەموو شتێکى ڕابردوو و داهاتووش. واتە «هیچ» شتێک نامێنێتەوە بیرى لێ نەکاتەوە. خوێنەوار و ئەو تایپە ڕۆشنبیرەى وا بە دڵى کۆمەڵگان، جورئەتى ئەم «هیچ»ـە ناکەن. ناوێرن چاو لە چاوى ئەو «هیچ»ـە ببڕن کە دونیاى مۆدێرنى پێ دەناسرێتەوە لە کۆتا سنورى خۆیدا و پێىدەوترێت نیهیلیزم.
فیکرى ڕەخنەیی (کە ئەمڕۆ بەهەڵە ناوێکى هاوچەشنى خۆى جێى گرتووەتەوە)، بەشێکە لە شوناسى ڕۆشنبیر. ئەم ڕەخنەیە، بونیادە شاراوەکان هەڵدەکۆڵێت و ناکۆکییە ناوەکییەکان هەڵدەداتەوە. بە مانایەکى تر، ئایدۆلۆژیاى کۆمەڵایەتى و سیاسى تا سەر ناوکە ڕووتەکەى دەخوێنێتەوە. هەر بەو پێیە، پەیوەندیی “زانین” و “دەسەڵات” دەخوێنێتەوە و فۆرمەکانى زانین دەگەڕێنێتەوە سەر دەسەڵاتى باو. بەم پێودانگە، «خوێنەوار» ئەو بکەرى زانینەیە کە خزمەت بە دەسەڵاتى کەلتوریی باو دەکات. دیارە هەر پەیوەست بەم باسەوە، خاڵێک هەیە نابێت لەبیرىبکەین. ئەویش ئەوەیە کە زەینى ئێمە وا ڕاهاتووە کە “ڕەخنە” وەک پاشکۆیەک تێبگەین، وەک هەوڵێکى چاکسازى کە جار هەیە نەرمە و جاریش هەیە توند. بەڵام ئاشکرایە مانا بنەڕەتییەکەى “ڕەخنە” زیاتر دەڕوات. ڕەخنە واتە هیچ فۆرمێکى کۆمەڵایەتیی نیە هەتاهەتایی بێت، هیچ ڕێکخستنێکى ڕەمزى نیە ئاوەژوونەبێتەوە، هیچ بەدیلێک نیە کێشە بۆ کۆى سیستەمى باو درووستنەکات. بە دەربڕینێکى تر، ڕەخنە پەرچەکردارێکى پاشکەوتووى بەشەکى نیە، بەڵکو ئاگاییەکى پێشوەختەى گشتەکییە دەرهەق بە هەموو ژیان. ڕەخنە چاوەڕێى ئەوە ناکات کۆمەڵگا لەکوێیە و خەریکى چیە، ئەو هەمیشە شتێک زیاتر دەڕوات. ئەو ماناى ڕەخنەیەى لاى ئێمە باوە، پتر لە بارە ئەخلاقییەکەیەوە نزیکە نەک بارە عەقڵییە مۆدێرنەکەى. بارێک کە وشەى «خوێنەوار» هەڵیدەگرێت بەڵام ڕۆشنبیر هەڵیناگرێت.
لە ئاستێکى پسپۆڕییتریشدا، بیرکردنەوەى ڕەخنەیی ئەمڕۆ ڕووکەش و ئایدۆلۆژییە بەراورد بەو کەلەپوورە ڕیشەداکوتیوەى ناو مێژووى فەلسەفە. ئەوەى ئەمڕۆ پتر گازندەیەکى سەگباوەڕانەیە تاوەکو ڕیشەدۆزییەکى تیۆرى و میتافیزیکى و هتد. بێجگە لەوەى شتێکى ئەوتۆ بنیاتنانێت و چاوەڕێى وەڵامى دەمودەستە. بەکورتى، کاتێک ئەم جۆرە مۆدانە خۆیان دەکەن بە کۆمەڵگاى ئێمەدا، دەشێت ئاساتر وەربگیرێن و زیان لە چەمکە ڕەسەنەکانى تریش بدەن. وەرگرتنەکەش پتر بۆ دواخستنى ڕادیکاڵیزمە نەک شتێکى تر. ئەوەى کە نەتوانین لە ڕیشەوە خۆمان ببینین. کورد خۆى دەڵێت، ئەم شتانە زەرەریان بۆ پەزەکان نیە. دیسان لێرەوەیە ناچارین گومان لە شتە خێراکان بکەین و تێبگەین بەمۆدبوونیان بێمەڵامەت نین. ڕۆشنبیر بە پلەى یەکەم، مناڵى ناو ئەو کەلەپوورە کلاسیکەى فیکرى ڕەخنەییە نەک ئەم ڕەشۆکییە بەناو تیۆرییە.
گەر بشگەڕێینەوە سەر پەیوەندیی ڕۆشنبیر و دەسەڵات، کۆمەڵگاکە پشکێکى لەو بکەرە دەوێت کە لە زۆر باردا جیاوازییەکى واى لەگەڵ خوێنەوارە تەقلیدییەکەدا نیە. باجى ئەمەش ئەو کۆژانە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورییەیە کە خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنێت. واتە خەڵک دەیانەوێت بە تێچوویەکى کەم، شتێکى زۆر زیاتر بەدەستبهێنن. مەبەستمان ئەوەیە تا چەمکى ڕۆشنبیر لە کۆدا وەرنەگیرێت و نەبێتە هۆشیارییەکى خۆنشین لە کۆمەڵگادا، ئەم ژان و بێدادییەش توندتردەبێتەوە. ئەمە خۆى یەکێکە لە ناکۆکى و پارادۆکسەکانى نێوان ئێمە و مۆدێرنە. لە لایەک، بە وێنەیەکى سنوردارى ڕۆشنبیر دەیبڕینەوە؛ لە لایەکى تریشەوە، دەمانەوێت وەک مرۆڤێکى خاوەنماف و خۆشگوزەرانى ناو دونیاى مۆدێرن بین. لە ڕوویەکى تریشەوە تەڵخبوونى مانا و ئەرکى ڕۆشنبیر، وایکردووە زۆرى تر خۆیان بخزێننە ئەم پێگەیەوە و لەو نێوانەدا ئەو پارادۆکسە ونببێت کە باسمانکرد.