زووم..
بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوە رایانگەیاند، ئاگرەکەى شارى لۆس ئەنجلسى ئەمریکا لە ویلایەتى کالیفۆرنیا بە تەواوى کۆنتڕۆل کراوە، کە بەهۆى ئاگرەکەوە دەیان هەزار دۆنم زەوى و داراستان لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلۆس سووتاوە.
بەرپرسانى ئاگرکوژێنەوە راشیگەیاندووە، دواى سێ هەفتە لە کەوتنەوەى ئاگرەکە توانیویانە سەدا سەد ئاگرکە کۆنتڕۆڵ بکەن، لەلایەکى دیکەشەوە وەزارەتی دارستان و پاراستنی ئاگر لە کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، ئەو ئاگرەى کەوتووەتەوە، گەورەترین ئاگر بووە لە دارستانەکانى ویلایەتەکە، کە 23 هەزار و 448 دۆنم دارستانى لە لای رۆژئاوای لۆس ئەنجلۆس سووتاندووە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا رایگەیاندووە، ئەو رێژەیە لە سووتان بەهۆى کەوتنەوەى دوو ئاگرى گەورە و چەند ئارگەوتنەوەیەکى بچووک بووە، کە ئەوەش خراپترین کارەساتی سروشتی لە مێژووی ویلایەتەکە و لۆس ئەنجلۆسدا بووە.
ئەوەشیان راگەیاندووە، بەهۆى ئاگرەکەوە 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 16 هەزار بیناش زیانیان پێگەیشتووە، کە بەشێکی زۆریان بە تەواوى وێران بووە.
هاوکات رایانگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی لۆس ئەنجلۆسەوە ئاوارە بوون گەیشتوونەتە 25 کەس.
کۆمپانیای AccuWeather، کە کۆمپانیایەکی پێشبینی کەشوهەوایە، پێشبینی دەکات زیانە ئابوورییەکانى ئاگرەکە زیاتر لە 250 ملیار دۆلار بێت.
باران ئاگرەکەی کوژاندەوە
ئاگرەکەى لۆس ئەنجلس سێ هەفتە بەردەوام بوو، چەند رۆژێک لەمەوبەر بارانێکی چاوەڕوانکراو لە باشووری کالیفۆرنیا بارى، ئەوەش هاوکارى ئاگرکوژێنەوەکانی دا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرە بە تەواوى.