رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
400 هەزار فەرمانبەرى بندیوار لە سوریا هەیە
محەمەد ئەبا زەید وەزیری دارایی سوریا، بە سەرۆکایەتى ئەحمەد شەرع رایگەیاند، کار بۆ نەهێشتنى بەفیڕۆدانى سامانى وڵاتەکەیان دەکەن یەکێک لەو رێکارانەش نەهێشتنى فەرمانبەرى بندیوارە کە لەسایەى رژێمەکەى بەشار ئەسەد دا ژمارەیەکی زۆر هەبووە.
ئەم هەنگاوە مەترسی ئەوەى هەیە کە خەڵک لە حکومەتە نوێیەکە نیگەران بن و کێشەى بۆ دروستبکەن بە تایبەتى عەشایەر.
راشیگەیاند، ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیاى وەهمی کەرتى گشتى هەن کە تەنها سامانى وڵاتەکە بەفیڕۆ دەدەن و لە کۆی یەک ملیۆن و 300 هەزار فەرمانبەر تەنها 900 هەزارى دیارە و فیعلین و ئەو 400 هەزارەى دیکە وەهمى و بندیوارن و بە لابردنى ئەو ناوانە لە لیستى مووچە خۆرانى حکومەتدا ئابوورى وڵات بەباشی دەبوژێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دارایی بە ئاژانسى رۆیتەرزی راگەیاندووە بەگوێرەى توێژینەوەیەکیان کەرتى گشتى لە سوریا بە 550 تا 600 هەزار فەرمانبەر بەڕێوە دەچێت و ئەوەی دیکەى زیادەیە.
عەرەب
تاران لە بەردەم بژاردە دیاریکراوەکانى ئیدارەى نوێی ئەمریکادایە
دواى گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییانە، بە سنوردارکردنى حەماس و حزبوڵاى لوبنان و لەناوچوونى رژێمەکەى ئەسەد شرۆڤەکارانى سیاسی باس لەوە دەکەن ئێران شاپەڕەکانى باڵی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا شکاوە، بەڵام ئێران بە پێچەوانەوە دۆخەکە دەبینێت و پێی وایە گۆڕانکارییە گەورەکە لە دواوەیە.
مایکڵ سینگ شرۆڤەکاری پەیمانگاى واشنتن لەوبارەیەوە دەڵێت، ترەمپ کار بۆ ئەوە دەکات کە یەکێتى ئەوروپا بۆ رامکردنى ئێران بەکاربهێنێت، لە پەناشەوە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام بکات بۆ ئەوەى رێگربێت لەبەردەم پەرەپێدانى پرۆژە ئەتۆمییەکەیدا و کاری هاوبەشى لەگەڵ ئیسرائیل دژ بە ئێران بە پێویست دەزانێت، ئەو شرۆڤەکارە باوەڕی وایە بژاردەکانى بەردەم ئیدارەکەى ترەمپ سنووردارن و چاوەڕێ دەکرێت لەم خولەى سەرۆکایەتییەکەیدا بیگەیەنێتە بنبەست و لە ئامانجی دەست گەیشتن بە چەکی ئەتۆم رایبگرێت.
عەرەبی جەدید
وەرزشى بەیانیان کێش دادەبەزێنێت
گۆڤاری ئۆبستى توێژینەوەیەکى بڵاوکردووەتەوە کە شیکاریی تەندروستى بۆ پێنج هەزار و 285 کەس کراوە دەرکەوتووە باشترین رێگە بۆ دەربازبوون لە کێشى زیادەى جەستە وەرزشى بەیانییانە.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بە بۆچوونە جیاوازە زانستییەکان کراوە سەبارەت بەو کاتانەى کە رژێنەکانى جەستەى مرۆڤیان تێدا چالاک دەبێت و دەرکەوتووە کاتژمێر 7 بۆ 9 ـى بەیانیان باشترین کاتە بۆ وەرزشکردن و سەرەڕای دابەزاندنى کێش بەشێوەیەکى دروست بۆ تەندروستى کەسەکان زۆر بەسوودە و تا ئێوارە مرۆڤ بە چالاک و هاوسەنگ دەهێڵێتەوە و رێگریی دەکات لە قەڵەوبوون.
توێژینەوەکە دەریخستووە سێ کات بۆ وەرزشکردن لە ماوەى شەوورۆژێکدا گرنگن و سوودیان زیاترە ئەوانیش بەیانیان و دوانیوەڕوان و ئێواران، بەڵام لە نێویاندا وەرزشى بەیانیان لە هەموویان سودیی زۆرترە.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
لە 2024 داهاتی گەشتیاریی زیاتر بووە
ساڵی 2024 دا ژمارەى هاتنی گەشتیاریی بیانی و داهاتی کەرتی گەشتیاریی لە تورکیا زیاتر بووە.
بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکان ساڵی پار 62 ملیۆن و 200هەزار گەشتیاریی بیانیی رووی لە تورکیا کردووە و داهاتی گەشتیارییش 61.1 ملیار دۆلار بووە.

تورکیا
تادێت ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی کەم دەبێتەوە
لە تورکیا لە کۆی 100 مناڵی لەدایک بوو، سیانیان بەبێ بوونی پرۆسەی هاوسەرگیریی دێنەدنیاوە. لە تورکیا ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت.
زۆرێک لە یەکە نیشتەجێبوەکان تەنها یەک کەسی تیادەژی. ئامارەکان ئاشکرایان کردووە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی بە رێژەى یەک پۆینت شەش زیاد بووە بەڵام لە بەرامبەردا رێژەى جیابونەوە 54.8٪ زیادبووە.

یەنیچاخ
داودئۆغڵو: سەرۆککۆمار فەرمان بە دادگا دەکات
ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی ئایندە رایگەیاند، لە تورکیا ئازادییەکان و دیموکراسی بەرتەسک کراونەتەوە و لەلایەن ئۆفیسی یاسایی سەرۆککۆمارەوە فەرمان بە دادوەر و دادگا دەکرێت دۆسیەى یاسایی بکەنەوە. گوتیشی، دۆسیەکان سیاسیین و دادگاکان فەرمان لە سەرۆککۆمار وەردەگرن.
ئەڤرەنسەل
هەناردەى تورکیا بۆ فەڵەستین 508% زیادبووە
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و فەڵەسین زیاد بووە و لەماوەى چەند مانگی رابردوودا ژمارەى پێوانەی شکاندووەو بە گوێرەى راپۆرتێکی دەزگای ئاماری تورکیا هەناردەى کاڵا و شتومەکی تورکیی بۆ فەڵەستین بە رێژەى 508% زیاد بووە و لەماوەى ساڵێدا لە 122 ملیۆن دۆلارەوە گەیشتۆتە 780 ملیۆن دۆلار.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
گرژییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە باشی کۆنترۆڵ کراون
فەتحەلی تەوەسولی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابوریی پەرلەمانی ئێران دەڵیت، دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، دۆخەکە بۆ یەکێتی قورستر بووە بەڵام مەسعود بارزانی هێشتا کاریگەرییەکی زۆری هەیە.
ئەم نوێنەرەی ئێران گرنگترین خەمی حکومەتی ئێرانی بە بوونی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ناوبرد کە هەڕەشە لە سنوورەکانی ئێران دەکەن و ئەم پرسە بووەتە هۆی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەرێمی کوردستان، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گرژییانە بە باشی کۆنترۆڵ کراون.
لە بواری ئابووریشدا جەختی لە پێویستی پێوەندیی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردەوە بەڵام دانی بەوەدانا کە تورکیا بە زاڵبوون بەسەر بازاڕی عێراقدا پێگەی ئێرانی لاواز کردووە.
گوتیشی، ئێران رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاڵپشتیکردنی کورد بەتایبەت لە رووخاندنی سەدام و پێویستە کار بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان بکات.
ئیمروز
هۆشداری قەیرانی ئاو دەدرێتە جووتیاران
سەرۆکی سەنتەری نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا و وشکەساڵی رایگەیاند، رێژەی بارانبارین بەراورد بە ماوەی درێژخایەن 50٪ کەمیکردووە.
گەورەترین قەیران بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان دروستبووە و هەروەها بەفر لە بەرزاییەکان بۆ نزیکەی نیوە دابەزیوە کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی ئاو.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی وزە، زیاتر لە نیوەی بەنداوەکانی ئێران بەتاڵە و لە هەندێک ناوچە رێژەی بارانبارین زۆر کەمتر بووە لەوەی پێشبینی دەکرا و لە دوو هەفتەی داهاتووشدا بارانبارینی بەرچاومان نابێت.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، قەیرانی دابینکردنی ئاو لە هاویندا توندتر دەبێت.
ئەبرار
یاسای بازرگانی بۆ ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرچوو
ئارەش لەهۆنی پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، یاسای بازرگانی دانیشتوانی سنووری لە پارێزگاکەدا جێبەجێکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم یاسایە پشکی وەک لێخۆشبوون لە باجی گومرگی بۆ کاڵا سنوورییەکان لە ساڵی یەکەمدا و زیادکردنی 20٪ـی باج لە ساڵانی دواتردا لەخۆدەگرێت.
لەهۆنی هەروەها ئاماژەی بە گرنگی هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ چالاکانی سنووری و رێکخستنی کۆڵبەری کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێوشوێنانە یارمەتیدەر دەبن بۆ گۆڕینی کەرتی بازرگانی بۆ سنوورنشینان و باشترکردنی بارودۆخی ئابووری.

ئاگاهـ
25 مانگی دەستکرد لە ئێران دروست دەکرێن
رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران بڵاویکردەوە، لە ئێستادا 25 مانگی دەستکرد لە قۆناغی دروستکردندان و تا مانگێکی دیکە دوو مانگی دەستکرد بۆ ئاسمان هەڵدەدرێن.
حەسەن سالاریە سەرۆکی رێکخراوەکە گوتی، کە ئەم مانگە دەستکردانە وردە وردە لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەتی وردبینی لە وێنەگرتن بەرەو پێش دەچن.
دەشڵێت، ئەو مانگە دەستکردانەی دیزاین کراون لە بوارەکانی کشتوکاڵ و سامانە سروشتییەکان و ژینگە و نەخشەسازیدا بەکاردەهێنرێن و بۆ باشترکردنی دەرهێنانی زانیاری لە وێنەکانیان ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
یو ئێس ئەی توودەی
تۆپێکی ئاگرین بوو؛ لە ئاسمانەوە کەوتەخوارەوە
ساڵانێکە ڕێڕەوی قەرەباڵيغی گەشتە ئاسمانییەکان لە واشنتندا بووە بە باسوخواس.
رێڕەوی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر واشنتن بووە بە بابەتی باسکردن. روداوی فڕۆکە لەو ئاسمانەدا مێژوویەکی هەیە و هێندە چاودێری بەرپرسیش نەڕەخساون چاودێڕیی دۆخەکە بکەن و جموجوڵيکان رێکبخەن.
چەند ساڵە کەسانی پسپۆر و سیاسییەکان و بەڕێوەبەرانی بەندەرە ئاسمانییەکان هۆشداریدەدەن لەوەی ئاسمانی ئەو شارە قەرەباڵەغە، هۆکارەکەشی فڕۆکەخانەی رۆناڵد ریگان و واشنتنی نیشتمانییە. شەوی چوارشەممە لە ئاسمانی ئەو شارە فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری بلاکهۆک لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیکەی نەفەرگوێزەرەودا بەریەک کەوتن و کارەساتیان دروستکرد.

دەیلی تەلەگراف
ئەو بارمتە بەریتانییەی لەلای حەماس بوو؛ لەناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەستبەسەربووە
ئێمیلی داماری کچێکی بەبارمتەگیردراوی بەریتانی و ئیسرائیلییە. لەلای بزووتنەوەی حەماس دەستبەسەر بووە. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سێر کێیە ستامەری گوت، کە بە درێژایی ماوەی دەستبەسەربوونەکەی لەلای حەماس، لەناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکاندا بووە. ئەو بەشەی کە ئەوی تێدا دانراوە تایبەت بووە بە پێشكەشکردنی کاری خزمەتگوزاریی تەندروستی. بەڵام بەدرێژایی ماوەی مانەوەکەی هیچ چارەسەرێکی پێنەدراوە. لەماوەی 15 مانگەکەدا، تەنها یەکجار بتڵێک ئاوی بوژاندنەوەی بۆ بەستراوە لە قۆڵی، کە سەیری بتڵەکەشی کردوە، تێگەشتووە ماوەی بەکارهێنانەکەی بەسەرچووە.

گاردیەن
پاش گەڕانەوەم بینیم ماڵەکەم روخاوە و سوتاویشە
ئەم هەفتەیە مەلاک تەنتەشی پەیامنێری رۆژنامەی گاردیەن گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە کەرتی غەزە، دەیویست بچێتەوە سەر ژیانە ئاساییەکەی خۆی لەوکەرتەدا. لەوێ بەدوای ماڵەکەی خۆیاندا گەڕا، بەڵام لە داروپەردوویەکی سوتاو زیاتر هیچی نەدۆزییەوە.
مەلاک دەڵێت، کە ئاگربەست راگەیەندرا، بۆ چرکەساتێک هەستمان بە خۆشی کرد، گوتمان ئەمجارەش نەمردین، بەڵام کە گەشتینەوە بە شوێنی خۆمان تێگەشتین کە خەم و خەفەتی 15 مانگی رابوردوو بە ئاسانی بەرمان نادات، ئەو شەڕە هیچی لەدەستدا نەهێشتووین، بۆیە دەبێت شەڕەکەمان بەردەوام بێت، بەڵام ئەمجارە لەگەڵ ئەو خەمە رۆژانانەدا کە یەخەمان پێدەگرن.

فاینەنشیەڵ تایمز
چین پەناگەیەکی سەربازیی گەورە هەڵدەکەنێت
بەگوێرەی ئەو وێنانەی کە لە رێگای مانگەدەستکردەکانەوە دەستی رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمز کەتوون پیشانیدەدەن کە چین لە نزیکی شاری پەکینەوە دامەزراوەیەکی سەربازیی زەبەلاح دروستدەکات.
ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکاش دەڵێت، ئاگادارن چین ئەو بنکەیە دەکات بە ناوەندی سەربازیی خۆی و شوێنەکەی زۆر لە پەنتاگۆن گەورەترە. روبەری ئەو زەوییەی کارەکەی تێدادەکرێت 6000 دۆنمە و نزیکەی سی کیلۆمەتر لە پەکینی پایتەختەوە دوورە، چاڵی زۆر قووڵی تێدا هەڵدەکەنرێت، دەکرێت بە پەناگەی زۆر بەهێز، وا دروستدەکرێت، کە لە کاتی شەڕ و ململانەدا توانای ئەوەی هەبێت فەرماندە سەربازییەکان بپارێزێت.
دامەزراوەی بەرگریی چین ماوەیەکە دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆئەوەی لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندنیدا رایبگەیەنێت ژمارەیەکی زۆر چەکی پێشکەتووشی دروستکردووە.