زووم..
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەرکردنی تێبینییەکان بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێكکەوتن لەسەر مووچە بۆ ساڵی 2025.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچووە و گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان کراوە و دەیانەوێت بۆ مووچەی ئەمساڵ بگەنە چارەسەرێکی گشتگیر.
هەروەها داتا و ژمارەی تۆمارکراوان لە پرۆژەی هەژماری من بۆ شاندە عێراقییەکە خراوەتەڕوو، لەکاتێکدا پێشتر بەغداد گوتبووی هیچ داتایەکی تۆمارکراوانی هەژماری منیان پێنەگەیشتووە.
ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر کۆبوونەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتیشی هیوادارن رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەغداد پارەی مووچە بنێرێت.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشیی فواد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و شاندی هەرێم ئاوات شێخ جەناب سەرۆکایەتی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغدادش، بە شاندەکەی هەرێمی کوردستان گوتراوە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران لە بانکێکی حکومیدا ئەنجام بدرێت و هەرێم داهاتی نانەوتی رادەست بکات تاوەکو مووچەی بۆ بنێردرێت.