زووم..
دوای نزیکەی سێ کاژمێر کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق، وەزیری دارایی هەرێم لە 14 چرکەدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، کۆبوونەوەکەمان ئەرێنی بوو و بەردەوامیش دەبێت و ئومێدەواریشین رۆژی یەکشەممە پارەی مووچە رەوانە بکرێت.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتی تەیف سامی، بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی گوت، کۆبوونەوەکەمان ئەرینی بوو، ئومێدەوارین یەکشەممە پارەی مووچەی هەرێم تەمویل بکرێت.
زوومـی بەغداد گواستییەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی مووچە، خانەنشینی فەرمانبەران، مووچەی ساڵی 2025 و مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو تاوتوێکراون.
زووم زانیویەتی، حکومەتى عێراق داواى دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ـى کردووە، حکومەتى هەرێمیش داواى قەرزى کردووە، بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مانگى 12.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، بە شاندەکەی هەرێمی کوردستان گوتراوە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران لە بانکێکی حکومیدا ئەنجامبدرێت و تائێستا هیچ داتایەکی هەژماری من نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەتی دارایی عێراق.
هەروەها شاندی عێراق سورە لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ناردنی مووچەی مووچەخۆراندا.