زووم..
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆیەکی ئەمنی لەسەر ئەگەری شکستى قۆناغی دووەمی رێککەوتنی غەزە و گەڕانەوەى دەستبەجێى سوپای ئیسرائیل بۆ شەڕ کردووە.
گفتوگۆکە لە کاتێکدا بووە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیل دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانی فەرمیی نەتانیاهۆ بۆ واشنتۆن لە هەفتەى داهاتوو.
لە کۆی 25بارمتە ئیسرائیلی، کە تا ئێستا ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، 10 کەسیان لە ماوەی 10 رۆژدا بە زیندووی گەڕاونەتەوە، هەروەها ٥ کرێکاری بیانی دیکەش.
بەپێی هەموو خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل، هەروەها بەپێی ئەو لیستەی لە حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، هیچ ژنێکی رفێنراو بە زیندوویی لە نێو بارمتەکان نەماوە.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کە ئاگربەست لە کەرتی غەزە لە قۆناغەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە و ئاماژەیان بە کۆمەڵێک ئاڵنگارى کردووە، کە نیشانەن بۆ شکستى قۆناغى دووەم.
پێگەى “زە هێڵ”ى ئەمریکى، رێککەوتنەکە بەسەر 3 قۆناغدا دابەشکراوە، کە هەریەکەیان ئاڵۆزترە لە چاوى ئەوەى پێشوو.
قۆناغی یەکەم، کە ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت، بە ئازادکردنی 3 زیندانی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی 90 زیندانی فەلەستینی دەستی پێکرد، بڕیارە 30 ئیسڕائیلی دیکە و زیاتر لە 1600 فەلەستینی بەرە بەرە ئازاد بکرێن.
پێگەى “وە هێڵ” ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕای بەردەوامیی ئاگربەستەکە، لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گومان لەسەر پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی قۆناغی داهاتوو دادەنێت.
هەروەها ئاماژەى بەوە کردووە، ناتانیاهۆ جەختیکردووەتەوە، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ شەڕ ئەگەر بگاتە ئەو ئەنجامەی، کە دانوستان لەسەر قۆناغی دووەم هیچ سوودێکی نییە.
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، نەتانیاهۆ تەنیا لە ژێر فشاری نوێنەری ترەمپ، ستیڤن ویتکۆف، کە پەیامێکی توندی سەرۆکی ئەمریکای گەیاندووە و داوای رێککەوتنی کردووە، بەو ڕێککەوتنە ڕازی بووە.
قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە، کە بڕیارە 42 رۆژ دوای ئاگربەستەکە دەستپێبکات، داوای راگەیاندنی “ئارامی بەردەوام” دەکات و دواتر ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی، کە ماون لە بەرامبەر ژمارەیەکی دیارینەکراوی زیندانیانی فەلەستینی و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەزە.
بەڵام بە گوێرەى راپۆرتی زە هیڵ، بەپێی وردەکارییەکانی چاوەڕوانکراو، وەک دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزەر لە دەوروبەری غەزە و رەنگە بوونى ژمارەیەکى زۆر سەرباز لە غەزە ببێتە ئەمرى واقیع.
قۆناغی سێیەمیش، کە هیچ وادەیەکی دیاریکراوی نییە، بریتییە لە ئاوەدانکردنەوەی غەزە، هەروەها کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو ئیسرائیلی و فەلەستینییانەی لە شەڕەکەدا کوژراون، ئەو ئەرکەش دەکرێت تا 80 ملیار دۆلار تێبچێت.
هەروەها پرسی حوکمڕانی دوای جەنگ لە غەزە ناڕوونە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل رۆڵی حەماس یان فەتحی لە بەڕێوەبردنی کەرتی رەتکردووەتەوە.