زووم..
شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە لە بەغدادە، ئێوارەى ئەمڕۆ لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەن.
سەرچاوەیەکیش رایگەیاند، شاندی هەرێم بۆ مووچەی مانگی ١٢ دەیانەوێت داوای قەرز بکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، حکومەتى عێراق داواى دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٢ـى کردووە، حکومەتى هەرێمیش داواى قەرزى کردووە، بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى مانگى ١٢.
سێ ئەندامی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندەکە بە زوومیان گوت، کۆبوونەوەکە لە ماڵی فوئاد حسێن بەڕێوەدەچێت، بە راشکاوی قسە لەبارەی مووچەی مانگی ١٢ دەکرێت، داوا لە وەزیری دارایی دەکەن بۆ مووچەی مانگی ١٢ نووسراو بۆ سودانی بکات، بۆئەوەی بە بڕیارێک کورتهێنانی مووچە پڕبکاتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی زووم، راپۆرتەکەی شاندی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەستی سودانی، هەرێمی کوردستان هەموو داواکاری و تێبینییەکانی عێراقی جێبەجێکردووە و هیچ بیانویەک بۆ بەغداد نەماوە.
بەهەمان شێوە باس لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەک دەکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو لیستەی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدادی کردووە.