زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
دادگای ئەنقەرە لە جیهاندا وێنەى نییە
دادگای ئەنقەرە لە ناوچەى چکورعەمبار لە ئەنقەرە دیمەنێکی سەیری هەیە و بووەتە جێگەى کاردانەوەى هاوڵاتیان. بەوەی بەشی خوارەوەى باڵەخانەکە زنجیرە مارکێتە و بەشی سەرەوەشی دادگای ئەنقەرەیە!
حکومەت رایگەیاندووە لە بودجەى ئەمساڵ بڕی 22 ملیار لیرە تەرخان کراوە بۆ باڵەخانەى دادگاکان.
پسپۆڕان دەڵێن لە رووی ئەمنیی و لە رووی دیمەنەوە شیاو نییە شوێنی دادگا لەوێدا بێت. خاڵێکی دیکە ئەوەى جێگەى سەرنجە باڵەخانەى دادگای ئەنقەرە تەنها دوو کیلۆمەتر لە بارەگای سەرەکی ئاک پارتییەوە دوورە.
یەنی شەفەق
ئەحمەد شەرع سەردانی ئەنقەرە دەکات
لەپاش ئەوەی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری سوریا دەستنیشان کرا بەم نزیکانە گەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات دەستپێدەکات و یەکەم سەردانی بۆ سعودیە دەبێت و لەپاش ئەوەش سەردانی تورکیا دەکات. لەو سەردانەدا بڕیارە بۆ یەکەمجار رووبەڕوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان گرنگترین بابەت لەنێوان شەرع و ئەردۆغان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت مەسەلەی بونی پەکەکە-یەپەگە-یە لەنێو خاکی سوریا.
میللییەت
شاندێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەردانی دیمەشقیان کرد
لەپاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ یەکەمجار شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەردانی دیمشقیان کرد و چاویان بە بەرپرسانی سەربازی سوریا کەوت.
لەو دیدارەدا بەرپرسانی تورکیا لەسەر دۆسیەى پەکەکە و یەپەگە گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی سوریا کردووە.
هاوکات ئەوەشیان راگەیاندووە هەماهەنگیی سەربازیی و لە رووی بەرگریشەوە هاوکارییەکانیان لەگەل سوریا پەرەپێدەدەن.
یەنیچاخ
سوپای تورکیا راهێنانی سەربازیی زستانەی ئەنجامدا
فەرماندەکانی هێزەکانی چەکداریی تورکیا و یەکەکانی جەندرمەى سوپا لە شاری قەرس راهێنانی سەربازیی زستانەیان بۆ ساڵی 2025 ئەنجامدا.
ئامانج لەو مەشقە بۆ ئامادەکرنی سەربازەکانە بۆ ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە زستانی ئەمساڵ و خۆگونجاندیانە لە کەشێکی سارد و سەختدا.
لەو راهێنانەدا چەک و تەکنەلۆجیای بەرگریی پێشکەوتوو بەکارهێنراوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سعودیە پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع دەکات
دیوانى شانشینى ئوردونیش رایگەیاند، شا عەبدوڵا، هەمان ئەو پیرۆزباییەى لە شەرع کرد و گووتى پشتیوانى وڵاتەکەى بۆ یەکیتیی خاکى سوریا و سەقامگیریی سوریایە.
لە یەکەمین سەردانیشیدا بۆ سوریای دوای کەوتنى ئەسەد، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانیی میری قەتەر، گوتى، سوریا پێویستییەکەى گەورەى بە پێکهێنانی حکومەتێک هەیە کە خزمەت بە هاوڵاتییە ماندووەکانى بکات و ببێتە حکومەتى رەنگدانەوەی سەرجەم پێکهاتەکان.
قودسی عەرەبی
نەتەوەیەکگرتووەکان: بۆمب و مووشەکە نەتەقیوەکانی غەزە هەڕەشە لە ژیانى منداڵان دەکەن
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، لە ناوەندی کەرتى غەزە، سەرۆکى پرۆگرامى بەگژاچوونەوەی مین و تەقەمەنییەکانی فەلەستین، کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە دەڵێت، ئەو تیمەى سەرقاڵی پاککردنەوەى کەرتی غەزەیە لە پاشماوەى مین و بۆمب و مووشەکە نەتەقیوەکان، لە پێنج کەس تێپەڕناکات.
لوک ئیرفینگ دەشڵێت، مین و ئەو بۆمب و مووشەکە نەتەقیوانەى لە میانى جەنگی غەزەى نێوان ئیسرائیل و حەماس بەکارهاتوون، هەڕەشەى جدیی بۆ سەر ژیانی منداڵانى ئەو کەرتە دروستدەکەن.
عەرەبی جەدید
میسر جێگرەوە بۆ پلانەکەى ترەمپ دەخاتە روو
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل لەزاری ئادەم بۆهلەر، نوێنەرى دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری بارمتەکان، بڵاویکردەوە، رەنگە میسر و ئوردن پلانی جێگرەوەیان هەبێت لە بری ئەو پلانەى دۆناڵند ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆچپێکردنى دانیشتوانی کەرتى غەزە پیشنیاری کردبوو.
پلانە جێگرەوەکەى میسر ئەوەیە پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بکرێت کە ماف دەدات بە فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێک لەسەر ئەو سنوورانەى ساڵی 1967 دیاریکراوە، دەوڵەتەکەش پایتەختەکەى قودسی رۆژهەڵاتە.
عەرەب
ئەمریکا 100 سەربازی خانەنشینکراو دەنێرێت بۆ کەرتی غەزە
کۆمپانیایەکى ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ناردنى 100 سەربازی خانەنشینکراوى ئەمریکى بۆ کەرتى غەزە.
ناردنى ئەو سەربازانە بووەتە جێگەى پرسیار و مشتومڕ، رەنگە لەچوارچێوەى ئەو تیمانەبن هێزە سەربازییەکانى میسریش لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای ئەوەى هێشتا بزووتنەوەى حەماس لە سەر پێیەکانى خۆی وەستاوە، ئیدارەى کۆشکى سپی دەیەوێت زامنى ئەوەبکات جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتەکە رووناداتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلى میرەر:
رووداوى پێکدادانى فڕۆکەکەى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ شەرمەزار دەکات
دواى لێدوانەکەى شەوى رابردووى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا لەبارەى رووداوى پێکدادانى فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە و هەلیکۆپتەرە سەربازییەکە لە واشنتن کە 67 کەسى تێدابوو هەموویان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، خەڵکى ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشى توندیان کردەسەر دۆناڵد ترەمپ و بە کەسێکى نێرجسییان ناوبرد.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەى دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکى سپى بوو کە تەنیا سێ مایڵ لە شوێنى رووداوەکەوە دوورە، دواى ئەوەى هاوخەمی بۆ رووداوەکە دەربڕی، راستەوخۆ هێرشیکردەسەر نەیارە سیاسییەکانی.
ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست:
پێویستە ئەمریکا بەهرەکانى چین لە ژیریى دەستکر بدزێت
رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لە کۆنگرێسى ئەمریکا ئەوە بیستراوە، دەبێت ئەمریکا بەهرەمەندەکانى چین لە بوارى ژیریى دەستکرد بدزێت و خوێندکارەکانى پەلکێشى زانکۆکانى بکات بۆئەوەى بتوانێت لە کێبڕکێى ژیریى دەستکرد لەگەڵ چین هاوتەریب بێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا گوتوویانە، باشترین ئەندازیارە چینییەکان لە بوارى ژیریى دەستکرد پێویستە لە چین بدزین، ئەگەر زوو ئەو کارە نەکەین چین لە کێبڕکێى ژیریى دەستکرد پێشمان دەکەوێت.
فاینەنشیاڵ تایمز
بانکی ناوەندی ئەوروپا رێژەی سوودی بانکی دابەزاند
بانکی ناوەندی ئەوروپا بە رێژەی 0.25 خاڵ سوودی بانکی دابەزاند و کردی به 2.75 کە نزمترین ئاستە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
ئەو بڕیارە لە بەرامبەر لاوازیی گەشەی ئابووری و دابەزینی هەڵاوسان دراوە.
کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا رایگەیاند کە ئەم کارە بەگوێرەی سیاسەتی نوێی دراوی و هاوتەریب لەگەڵ بڕیارەکانی ئەم دواییەی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا ئەنجامدراوە.
هەروەها بازاڕە داراییەکان پێشبینی کەمکردنەوەی زیاتر دەکەن و شیکاران پێیان وایە ئەم کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هاندانی خواست و بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووری.
دەیلی تەلەگراف
زەوی کشتوکاڵی بە رێژەی 10% کەمدەکرێتەوە
بە گوێرەی سیاسەتە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی “کاربۆنی سفر”، لەسەدا 10ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی وڵاتەکە لە سووڕی بەرهەمهێنانی خۆراک دەبرێنە دەرەوە بۆ دروستکردنی کێڵگەی خۆر و دارستان.
گۆڕانکارییەکان کە بەشێکن لە سیاسەتێکی ژینگەیی، نیگەرانییەکی بەرفراوانی لای جووتیاران و دانیشتوانی ناوچە گوندنشینەکان دروستکردووە.
زۆرێک لە شارەزایان هۆشدارییان داوە کە ئەم سیاسەتە رەنگە مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک دروست بکات و نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرزبکاتەوە.