زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، ئوردن و میسر پێشوازی لە فەلەستینییەکانی غەزە دەکەن.
ترەمپ لە لێدوانەکەیدا باسى لەو فشارانە کردووە، کە بۆ سەر میسر و ئوردن کردوویەتى و دەشڵێت، بەهۆى فشارەکانەوە ئەوان، ئامادەن پێشوازى لەو پێشنیازە بکەن، کە تایبەتە بە نیشتەجێکردنى خەڵکى غەزە لە میسر و ئوردن.
ترەمپ هەر لە لێدوانەکەى باسى دۆخى سوریاشى کرد و سەبارەت بە دۆسیەی ئەو وڵاتە بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو، کە ئەمریکا “دەستی لەو شتانە نییە لە سوریا ڕوودەدەن، بەتایبەتى بابەتى شەڕو ئاڵۆزییەکان.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: نەمگوتووە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنمەوە.
ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، ئادەم بۆیلەر، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان، وتی: پێویستە میسر و ئوردن رێگەچارەیەکی بەدیل پێشنیار بکەن، کە پێیان وایە باشترە ئەگەر نەیانەوێت پەنابەرانی فەلەستینی لە غەزە وەربگرن.
ئەم لێدوانەی بۆیلەر دوای ئەوە هات، هەفتەى رابردوو ترەمپ پلانێکی بۆ “پاککردنەوەی غەزە” پێشنیار کرد بۆ ناردنى ئەو فەلەستینییانەی لەوێ نیشتەجێن بۆ میسر و ئوردن، کە ئەم پێشنیازە لەلایەن راستڕەرەوە توندڕەوەکانى ئیسرائیل پشتگیرى دەکەن.
ئەوکات میسر و ئوردن دژی ئەو بیرۆکەیە وەستانەوە و باسیان لەوە کرد، گوتیان ئەم بیرۆکەیە یەکسانە بە پاکتاوی نەتەوەیی، بەڵام ترەمپ سوورە لەسەر پێشنیازەکەى و ئەم قسە نوێیەشى ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەو دوو وڵاتە بە بیرۆکەکە رازین.