زووم..
گەڕانەوەی خێزانە عێراقییەکانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵ بەردەوامە و ئەمڕۆ کاروانێکی دیکەیان کە 90 خێزانن و ژمارەیان 500 کەسە کەمپەکەیان بەجێهێشتوە و بەرەو عێراق کەوتونەتەڕێ.
ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویکردەوە، ئەو خێزانانە کاتژمێر 1ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ژمارەیەک پاس کەمپەکەیان بەجێهێشتوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی گەڕانەوەیان لەئەستۆ گرتوە و بەرەو عێراق گەڕاونەتەوە.
لە ماوەی 30 رۆژی ئەمساڵدا ئەمە سێیەمین کاروانی خێزانەکانی چەکدارانی داعشە لە کەمپی هۆڵەوە بگەڕێنرێنەوە عێراق کە بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و رۆژاڤا و هاوپەیمانان پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
یەکەم کاروانیان کە 193 خێزان بوون و ژمارەیان 715 کەس بوو رۆژی 8ـی ئەم مانگە گەڕانەوە، دووەم کاروانیشیان رۆژی 25ـی ئەم مانگە بوو 148 خێزان بوون و لە 578 کەس پێکهاتوون.