زووم..
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە سکرتێرێکی سەرۆککۆماری عێراق بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراوە، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو کەسە سکرتێری سەرۆککۆمار نییە و کارمەندێکی پاراستنی لەتیف رەشیدە.
بەگوێرەی میدیاکانی عێراق، چالاک سەباح عومەر، کە دەڵێن سکرتێرێکی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر وەرگرتنی بەرتیل لەبەرامبەر بەڵێنی ئازادکرنی تۆمەتبارێک.
میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایانگەیاندووە، تیمێکی دەستەی نەزاهە توانیویانە چالاک سەباح بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیربکەن.
لەبارەی ئەو هەواڵەوە، سەرۆکایەتی کۆمار بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیدەکاتەوە چالاک سەباح سکرتێری سەرۆککۆمار بێت و دەڵێت یەکێکە لە کارمەندانی پاراستنی سەرۆککۆمار.
سەرۆکایەتی کۆمار دەشڵێت، پێشتر بڕیاردراوە ناوبراو دەستلەکاربکێشێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بگیرێتەبەر لەدژی ناوبراو و هەر کەسێک سیفەتی کارەکەی بقۆزێتەوە.
هەروەها باس لەوەش کراوە، پێشتر لە راگەیەندراوێکدا لە 26-11-2024 ئەوە روونکراوەتەوە یەکێک لە پاسەوانەکانی سەرۆککۆمار سیفەتی پۆستی سکرتێری قۆستەوەتەوە و کردەوەکانی ناوبراو تایبەتن بەخۆیەوە.