تادێت کاردانەوەکان لەسەر یاریی نەورۆز و قاسم لە خولی ئەستێرەکانی عێراق فراوان دەبێت و دەستەی کارگێڕی یانەی نەورۆزیش سکاڵای دژی ستافی ناوبژیوانانی یارییەکە بۆ یەکێتی تۆپی پێی عێراق بەرز کردەوە.
یانەی نەورۆز لە یەکێک لە یارییەکانی هەفتەی ١٧ی خولی ئەستیرەکانی عێراق لە یاریگای نێودەوڵەتیەکەی میوانداری قاسمی کرد.
کرانە دەرەوەی هەمزە عەدنان یاریزانی هێڵی بەرگری نەورۆز بەکارتی سور لە تایمی یەکەمی یارییەکە ئەرکی تیپەکەی زیاتر قورستر کرد و کاردانەوەکانیش دەستیپێکرد.
لە تایمی دووەم ئاسۆ رۆستەم گۆڵی بەرامبەری یارییەکەی تۆمار کردەوە، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار و گۆڵەکەی رەتکردەوە، ئەوەش هاندەران و یانەکەی زیاتر تووڕە کرد.
لەسەر رووداوەکانی یارییەکە قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسی دوای یارییەکە گوتی: بە داخەوە ئێمە بە ١٠ یاریزانەوە بەرامبەر ١٤ یاریزان بەرامبەر قاسم و ناوبژیوان و ناوبژیوانی ڤار و یاریدەدەری هێڵ یارییمان کرد، ناوبژیوان چەندین بڕیاری کوشندەی دژی تیپکەمدا کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکە هەبوو، بۆیە ئێمە هیچ لە ئاستی ناوبژیوانان و ناوبژیوانی ڤار رازی نەبووین.
لەسەر رووداوەکانی یارییەکە دەستەی کارگێڕیی یانەی نەورۆز لەسەر خراپی ئاستی ناوبژیوانان و هەڵە زەقەکان و بێبەشکردنی یانەکە لە سێ خاڵی یارییەکە سکاڵایان گەیاندە یەکێتی تۆپی پێی عێراق.
یانەی نەورۆز دەڵێت: لەو کاتەی بەشدارین لە خولی ئەستێرەکانی عێراق وەرز دوای وەرز ناوبژیوان بڕیاری هەڵەو سەیر و سەمەرە دژی یانەکەمان دەدەن و تائیستاش بەردەوامی هەیە، بەجۆرێک بووەتە مایەی سەرسوڕمان و گومانی شەقامی وەرزشی عێراق.
پێشتریش یانەکانی هەولێر و دهۆک و زاخۆ، لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانان دژی یانە کوردییەکان سکاڵایان بۆ یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق بەرزکردووەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەبەرژەوەندی یانە کوردستانییەکان نەدراوە.
سەرەڕای بڕیارەکانی ناوبژیوانان بە تایبەتی بەرامبەر یانە کوردییەکان، بەڵام تائێستا هیچ ناوبژیوانێک لەلایەن هاندەرانى ئەو یانانەوە تووشی ئازار نەبوونەتەوە.