زووم..
عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مانگى سێ هێزەکانى 70 و 80 دەچنە نێو وەزارەتى پێشمەرگە و فەرماندەیی دەڤەرەکان دروست دەکرێن کە لە چەند فیرقەیەک پێکدێن و تائێستا شەش فیرقە دروست کراون.
بابیری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە تەنها میدیاکانى پارتى ئامادەى بوون رایگەیاند، پرۆسەى یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و بەگوێرەى ئەو خشتە زەمەنییەى دانراوە تاوەکو ساڵی 2026 و ئەگەری هەیە پێش ئەو وادەیەش یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە تەواوبێت.
ئەو دەڵێت، مانگی سێ یەکەکانی حەفتا و هەشتای پێشمەرگە بەشێوەى دوو فەرماندەیى دەڤەر لە چوارچێوەى ئەو هەیکەلە تازەیەى بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دروستکراوە دەچنە نێو وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها تائێستا شەش فیرقە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە.
سەرەتاى ئەم مانگە زووم بڵاویکردەوە، هاوپەیمانان فشارییان خستووەتە سەر پارتى و یەکێتى دەبێت شتێک نەمێنێت بە ناوى هێزى حزبى و پێویستە هێزەکانى 70 و 80 بەتەواوى هەڵبوەشێنرێنەوە و بخرێنە سەر وەزارەتى پێشمەرگە، هەموو پرۆسەکەش نابێت لەمساڵ و سەرەتاى ساڵى داهاتوو تێپەڕکات و هاوپەیمانان خۆیان چاودێرى جێبەجێکردنى پرۆسەکە دەکەن، بەبێ پرسی ئەوان نابێ هیچ بڕیارێک بدرێت.