زووم..
لە هەنگاوێکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراودا ئیدارەی نوێی دیمەشق، ئەحمەد شەرعی بە سەرۆکی کۆماری عەرەبیی سوریا دیاریکرد.
شەوی رابردوو ئەحمەد شەرع لەگەڵ فەرماندەکانی تەحریر شام و 18 گرووپی دیکە کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە ناوی نرا کۆنگرەی سەرکەوتن.
لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکە، سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا راگەیەنرا، رۆژی هەشتی کانوونی یەکەم وەک رۆژی نیشتیمانی سوریا دیاریکرا، پەرلەمان و دەستوور هەڵوەشێنرایەوە، هەروەها گرووپەکان خۆیان هەڵوەشاندەوە.
ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی حکومەتی راگوزەر دەستنیشانکرا و لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتیی سورییەکان دەکات، هەروەها ئەنجومەنی یاسادانان پێکبهێنێت و هەر خۆشی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەبات تا کاتی نووسینەوەی دەستوور و جێبەجێکردنی.
پێش هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی حکومەتی راگوزەر، ئەحمەد شەرع وتارێکی لە کۆنگرەکەدا پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەوەی ئێستا سوریا پێویستێتی بونیادنانەوە و پەرەپێدانە، لە کارە هەرە پێشینەکانیشی پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی دەسەڵات و پارێزگاریکردنە لە سەڵامەتی هاووڵاتیان و بونیادنانی دامەزراوە.