زووم..
لەدوای پێکدادانی فڕۆکەیەکی مەدەنی و هێلیکۆپتەرێکی سەربازی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گومانی لەبارەی رووداوەکە خستەڕوو و دەڵێت، دەکرا ئەو رووداوە رووینەدابا و هێلیکۆپتەرەکە بە تۆمەتبار دەزانێت.
فڕۆکەیەکی مەدەنی کە 60 سەرنشین و چوار ئەندامی دەستەی فۆکەوانی تێدا بوو لەگەڵ هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی لە دەوروبەری کاتژمێر 9:00ـی شەو بەکاتی ئەمریکا و 5:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەرێمی کوردستان پێکیاندادا و هەردووکیان لە رووباری پۆتۆماک لە واشنتن کەوتنەخوارەوە.
کەناڵی بی بی سی لە زاری پۆلیسەوە رایگەیاند، تائێستا 18 تەرم دۆزراونەتەوە و هیچ رزگاربوویەکیش نەدۆزراوەتەوە.
لەبارەی رووداوەکەوە دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد، هێلیکۆپتەرەکە، کە سێ سەربازیی تێدا بووە، بە ئاراستەی فڕۆکەکە رۆیشتووە.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ نوسیوویەتی: فڕۆکەکە لەسەر هێڵێکی راست و رۆتینی بووە بەرەو فڕۆکەخانە، بۆ ماوەیەکیش هێلیکۆپتەرەکە بە ئاراستەی فڕۆکەکە رۆیشتووە، شەوێکی ساماڵ بووە و گڵۆپەکانی فڕۆکەکە دیاربوون، بۆچی هێلیکۆپتەرەکە بەرەوە سەرەوە یان خوارەوە نەرۆیشتووە، یان بۆچی ئاراستەی نەگۆڕیووە؟
ترەمپ زیاتر باسی گومانەکانی لەبارەی رووداوەکە دەکات و دەڵێت: بۆچی تاوەری کۆنتڕۆڵ بە هێلیکۆپتەرەکەی نەگوتووە چی بکات لەجیاتی ئەوەی پێیان بڵێن فڕۆکەکەیان بینیووە یان نا، ئەمە دۆخێکی خراپە و دەکرا نەیانهێشتا روویبدایە.
سوپای ئەمریکا ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە، ئەو هێلیکۆپتەرەی لە رووداوەکەدا تێکشکاوە لەجۆری بلاکهۆک بووە.