زووم..
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی شەوی رابردووی ماڵی سودانی، هەمووان کۆکبوون لەسەر پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، کە تایبەتە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە فراکسیۆنە کوردستانیی و شیعی و سونییەکان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئامادەی بوون، سودانی گوتویەتی سورن لەسەر رەشنووسی هەموارەکە کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکراوە، هەموارەکە چارەسەری تێچووی بەرهەمێهانی نەوتی هەرێمی کوردستانی کردوە و لیژنەی دارایش دەنگی لەسەرداوە.
هەروەها سودانی بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی گوتووە، پێویستە پەرلەمان بەبێ گۆڕانکاری ئەو هەموارە پەسەند بکات تا پلانی گەشەپێدان بەربەستی بۆ دروست نەبێت.
لە بەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان پشتیوانیان بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی هەموار بودجە دەربڕیوە.
بە گوتەی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چاوەرواندەکرێت لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.