زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
پەکەکە چەکە ئەمریکییەکانی بۆ قەندیل دەگوازێتەوە
لەپاش بڕیارەکەى دۆناڵد ترەمپ بۆ بڕینی هاوکاریی بۆ پەکەکە لە سوریا و بڵاوکردنەوەى پەیامی بۆ پەکەکە لە خاکی سوریا دەربچن، ئەو چەکانەى پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە درابوونە پەکەکە، بەرەو قەندیل دەگوازرێنەوە.
کەوتنى بەشار ئەسەد پلانی پەکەکەی لە سوریا تێکدا. سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری بڕینی هاوکارییەکانی بۆ پەکەکە-یەپەگە لە سوریا داوە.
پێشتر پەکەکە 35 هەزار بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی لە ئەمریکا وەک هاوکاریی وەرگرتبوو.
بەگوێرەى سەرچاوەیەک پەکەکە ئەو چەکانە لە 20 شوێنی جیاواز دەشارێتەوە. بەشێکی زۆری دەباتە ناوچەکانی ژێردەستی خۆی لەنێوان هەولێر و هەریر. ئەمریکا بارزانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە لەو جوڵەیەی پەکەکە، چونکە بەنیاز نییە چەک رادەستی ئیدارەى نوێی سوریا بکات.
قەرار
تەواوی هوتێل و رێستۆرانتەکانی ئیستەنبوڵ پشکنینیان بۆ دەکرێت
لەپاش کارەساتەکەى ئاگرکەوتنەوەکەى هوتێلەکەى بۆڵو، پارێزگاری ئیستەنبوڵ بڕیاری دا بە پشکنینی سەرجەم هوتێل و رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان، بۆ رێگریی لە ئاگرکەوتنەوە هەر شوێنێک مەرجی سەلامەتی تیانەبێت لە وادەیەکی بۆ دادەنرێت تا رێکارەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکات بە پێچەوانەوە ئەوەی پابەندی رێکارە نوێیەکان نەبێت رووبەڕووی داخستن یان سزای دارایی دەبێتەوە.
ئیستەنبوڵ گەورەترین پارێزگای تورکیایە کە زۆرترین گەشتیار لەسەرئاستی جیهان رووی تێدەکات.
تورکگون: مەهەپە پێیوایە پەکەکە مافی ژیانی نییە
سادیر دورماز یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاندووە ئامانجمان ئەوەیە یەکێتیی نەتەوەکەمان بپارێزین و تیرۆر لە رەگەوە هەڵبکێشین تا تورکیایەکی ئارام بونیاد بنێین.
بەرەو تورکیایەکی بێتیرۆر هەنگاودەنێین و رێگە نادەین لەنێو سنوورەکەمان و لەدەرەوەی سنوورەکەمان پەکەکە یان رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر نەتەوەکەمان. یان ئەوەتا پەکەکە چەکەکانیان دادەنێن یان ئەوەتا لەگەڵ چەکەکانیان دەیاننێژین.
ئەڤرەنسەل
کاتژمێری کارکرن بۆ گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵ زیاتر بووە
بەهۆی گرانی و نەبونییەوە گەنجانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ واز لە خوێندن دەهێنن و لەژێر فشارێکی زۆردا بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن.
ئوغور گەنجێکی تەمەن ١٥ ساڵانە هەفتەی شەش رۆژ، رۆژى ١٠ کاتژمێر کاری شۆردنی ئۆتومبێل دەکات. بەگوێرەى ئامارەکان لە ئیستەنبوڵ نزیکەى ٥٠٠ هەزار کرێکار هەن تەمەنیان خوار ١٨ ساڵانە و کاری قورس دەکەن لەبەر بژێوی ژیانیان.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و سعودیە سەد هێندە گەشەیکردووە
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و سعوودیە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا زیاتر لە سەد هێندە زیادیکردووە و لە ٢٠٠ هەزار دۆلارەوە بۆ ٢٣ ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
بە گوتەی عەبدولئەمیر رەبیهاوی، بەڕێوەبەری گشتیی رۆژهەڵاتی ناوین لە رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی، لەم ماوەیەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە زیادیکردووە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ لوبنان و بەحرەینیش رەوتی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ لوبنان لە ۱٨ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ۲۳ ملیۆن دۆلار و لەگەڵ بەحرەین لە ۷ ملیۆن بۆ ۱۱ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
کەیهان
60 هەزار خوێندکاری عێراقی لە ئێران دەخوێنن
دووەمین هەفتەی زانستیی ئێران و عێراق بە بەشداری وەزیرانی زانستی دوو وڵات و بەرپرسانی خوێندنی باڵا بەڕێوەچوو.
ئامانجی ئەم کۆنفرانسە بەهێزکردنی هاوکاری زانستی و تەکنەلۆژی و ئاڵوگۆڕی پرۆفیسۆر و خوێندکار و پەرەپێدانی توێژینەوەی هاوبەش بوو.
لەم دیدارەدا زیاتر لە ٢٠٠ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەکادیمی واژۆکران و دامەزراندنی لقی زانکۆکانی ئێران لە عێراق تاوتوێکرا.
لە ئێستادا ٦٠ هەزار خوێندکاری عێراقی لە ئێران دەخوێنن، بەڵام بەربەستی وەک کێشەی زمان و کوالیتی خوێندنیان هەیە کە رێکارەکانیان بۆ چارەسەرکردن داڕێژراون.

ئەفکار
نرخی برنجی ئێرانی دووهێندە بەرزبووە
لە چەند مانگی رابردوودا نرخی برنجی ئێرانی دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکاری جیاواز، لەوانە سەرپەرشتینەکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ، وشکەساڵی، گۆڕانکاری لە بارانبارین، زیادبوونی تێچووی ئاودێری و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
جگە لەوەش قەدەغەکردنی هاوردەی برنج لە مانگی ئابەوە بووەتە هۆی سنووردارکردنی دابینکردنی برنج و زیادبوونی خواست.
هەروەها بازرگان و ناوەندکاران کاریگەرییان لەسەر زیادبوونی تێچوون و نرخەکان هەبووە.
بە گوتەی شارەزایان، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەم رەوتە، پێدەچێت نرخەکان زیاتریش بەرزببنەوە.
ئیقتسادی میللی
فریاگوزاریی کۆمەڵایەتی لە هەموو شارەکانی ئێران دادەمەزرێت
زەهرا بێهروز ئازەر، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ژنان و خێزان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: سەنتەری راوێژکاری کۆمەڵایەتی و فریاکەوتن لە سەرجەم شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دادەمەزرێنن.
بێهروزئازەر ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی ئەم پڕۆژە یاسایە بەتاوان کردنی توندوتیژی دژی ژنان و زیادکردنی سزاکانە.
گوتیشی، ئەم پڕۆژە یاسایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەدامەزراوەییکردنی کلتووری ناتوندوتیژی لە خێزان و کۆمەڵگادا.
هەروەها ئاماژەی بە دۆخی توندوتیژی دژی ژنان لە شارەکانی ئێراندا کرد و بە دۆخێکی نیگەرانکەر ناوی برد.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
ترەمپ سزاى دادگاى نێودەوڵەتى دەدات و نەتانیاهۆش دەچێتە ئەمریکا
دواى ئەوەى لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى پیراندا سزادانى دادگاى نێودەوڵەتى دەنگی پێنەدرا، ئێستا چاوەکان لەسەر بڕیارى دۆناڵد ترەمپن بۆ ئەوەى سزاى توند بخاتە سەر ئەو دادگایەى کە سزاى دەستگیرکردنى بۆ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوزەیرانى ئیسرائیل دەرکردووە، لەمپەرەکانى بەردەم بڕیارێکى لەوشێوەیە ئەوەیە لەکاتێکدا ئەنجومەنى پیران بە فشارى دیموکراتەکان دەنگی بە پرۆژەکە نەداوە سەرۆک دەتوانێت بڕیارێکى لەوشێوەیە بدات یان خۆی رادەستى بڕیارەکە دەکات؟ زۆرینەى بۆچوونەکان ئەوەن پێدەچێت بڕیارێکى لەوشێوەیە بدات و تۆڵەى ساڵی 2020 ـیش بکاتەوە کە ئەو دادگایە سزاى بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەر و سەربازانى وڵاتەکەى سزادا، بەپاساوى ئەوەى لەدژى خەڵکى ئەفغانستان رەفتاری نایاسایین ئەنجامداوە، هەر بۆیە پێدەچێت بنیامین نەتانیاهۆ سەردانى ئەمریکا بکات و هیچ حسابێکیش بۆ بڕیاری دەستگیرکردنەکەى نەکات و بەدیارچاوى جیهانەوە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.
سەباح
هەزار کۆمپانیا بەشداریی پێشانگاى نێودەوڵەتیی بەغداد دەکەن
مستەفا نزار ئەلعانی بەڕێوەبەری گشتیى پێشانگا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان لە وەزارەتى بازرگانىی عێراق رایگەیاند رۆژى شەممە 48 ـهەمین پێشانگاى نێودەوڵەتى بەغداد بە بەشداریی هەزار کۆمپانیاى ناوخۆیی و دەرەکی لە 20 وڵاتەوە دەست بەکارەکانى دەکات، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە هەندێک لەو وڵاتانە بۆ یەکەمجارە بەشداریی لە پێشانگاى نێودەوڵەتی بەغداد دا دەکەن، لەنێو وڵاتانى عەرەبیدا سعودییە و قەتەر زۆرترین پشکیان بەرکەوتووە، ئەلعانى رایگەیاندووە لەنێو پێشانگاکەدا چەندین دیدار سازدەکرێت کە کاریگەریی دەبێت لەسەر پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان و راکێشانى وەبەرهێنەران بۆ عێراق لە کەرتە جیاوازەکاندا، ئاماژەى بەوەشکرد بەشێکى لەبەرچاوى پێشانگاکە پەیوەندیی بە بواری گەشتوگوزارەوە هەیە.
مەدا
گواستنەوەى داعش لە سوریاوە بۆ عێراق ترسی دروستکردووە
حکومەتى عێراق لەگەڵ دەسەڵاتى نوێی سوریا رێککەوتنێکیان کردووە بۆ گواستنەوەى کەمپى دەستگیرکراوەکانى داعش لە سوریاوە بۆ عێراق و ئەوەش نیگەرانى و ترسی لەنێو خەڵک و چاودێرانى سیاسیدا دروستکردووە کە پڕیەتى لە چەکداریی دەستگیرکراوى داعش، کەسوکار و هاوسەرەکانیان.
بەگوێرەى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان نەوەیەکى تازە لەو کەمپەدا پەروەردەکراون کە لەسەر بنەماکانى توندوتیژیی بیردەکەنەوە، رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات هەرچەندە جاروبار ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە گەڕێنراونەوە کەمپى جەدعە لە موسڵ، بەڵام بەم شێوە فراوانە نەبووە و نەبوونەتە مەترسى، ئاماژەى بەوەشکردووە لەنێوان 2013 بۆ 2019 نزیکەى 53 هەزار پیاو وژن و منداڵ لە هەشتا وڵاتەوە ئەندامیان لەو کەمپەدا هەیە، ئاماژەى بەوەشکردووە لە ئێستادا 50 هەزار کەس لەنێو ئەو کەمپەدان کە لەلایەن هەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت و 90% یان ژن و منداڵن 25 هەزاریان عێراقین، 18 هەزاریان سورین و 7800 کەسى دیکەیان هاووڵاتیی 57 وڵاتى دیکەن، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەم بابەتە مەترسییەکى گەورەیەو خەڵک و رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنى و شرۆڤەکارانى نیگەران کردووە.
دەستوور
هاوینى داهاتوو کێشەى گەورە بۆ کارەباى عێراق دروستدەبێت
زیاد عەلى فازڵ وەزیری کارەباى عێراق رایگەیاند لە هاوینى داهاتوودا عێراق پێویست بە 50 بۆ 55 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام لە توانایاندا نییە ئەوبڕە دابین بکەن بۆیە چاوەڕێدەکرێت کێشە بۆ پێدانى کارەبا دروست ببێت، بەگوێرەى گوتەکانى وەزیرى کارەباى عێراق سەرەڕای ئەوەى لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیماراتى گرێبەستیان واژۆکردووە بەڵام هێشتا گرەنتی ئەوە نییە بتوانرێت بڕی پێویست دابین بکرێت، وەزیری کارەبا راشیگەیاندووە 60%ـى وەبەرهێنانى کارەبا لەڕێگەى سوتەمەنییەوەیە، راشیگەیاندووە عێراق کار بۆ ئەوە دەکات غازیش بخاتە خزمەتى بەرهەمهێنانى کارەباوە و لەگەڵ وڵاتانى دراوسێش بۆ هەندێک لە ناوچە سنوورییەکان کارەبایان دابینکردووە بەڵام ئەوە ناتوانێت کارەباى 24 کاتژمێریی دابین بکات ، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە کێشەکانى خستووەتە ئەستۆی بەکارهێنەرانى کارەبا و رایگەیاندووە وەک پێویست دەست بەکارەباوە ناگیرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
تێچووی رۆژانەی جلوبەرگی پەنابەرەکانی کەناڵی ئینگلیز 3 هەزار پاوەندە
رۆژنامەی تەلەگراف زانیویەتی تێچووی رۆژانەی ئەو جلوبەرگ و پێلاوە نوێیانەی دەدرێن بە پەنابەرانەی بە نایاسایی دەپەڕنەوە بەریتانیا دەگات بە سێ هەزار پاوەند و هەمووشی لەسەر شانی ئەو خەڵکانەی بەریتانیایە، کە باجدەدەن بە حکومەت.
هەموو ئەو ژن و منداڵ و پیاوانەی وەک پەنابەری نوێ دەگەن بە دۆڤەر جلوبەرگی نوێیان بە خۆڕایی پێدەدرێت. ئەم جلانە بریتین لە قاپووت و قەمسەڵەی ئەستوور و کڵاو و دەستکێش و لە هاوینانیشدا کراس و بلوز. لە سێ ساڵی رابوردوودا بە بەهای چوار ملیۆن پاوەند لەم جلانە دراون بە پەنابەران. بەرپرسێکی ئاگادار بە رۆژنامەکەی گوتووە ئەو کۆگای جلوبەرگەی لەوێ دروستکراوە و دانراوە هێندەی کۆگایەکی ماتەلان یان ئێم و ئێس دەبێت و شوێنی خۆگۆڕینیشی تێدایە.
دەیلی مەیل
پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی هێسرۆ بە کێشە دەستیپێکرد
بەرنامەکەی رەیچڵ ریڤز دابەشبوونێکی لەنێو پارتی کرێکاراندا دروستکرد، بڕیارەکەی دوێنێ شەوی بۆ فراوانکردنەوەی فرۆکەخانەی هێسرۆ، کە وەک بەشێک لە ستراتیژی گەشەپێدانەکەی خۆی باسیکرد، وەک قومارکردن دەرکەوت.
وەزیری دارایی پشتگیری لە پلانێک دەکات بۆئەوەی ڕاڕەوێکی نوێ لەنێو گەورەترین فڕۆکەخانەی بەریتانیادا بکاتەوە، بەڵام ئەم شێوازی کارکردنەی وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانیش رەخنەباران کرا، وەک بەفیڕۆدان هەژمارکرا، گوترا لە شوێنێکی تر پێویستە بودجە و داهات تەرخان بکرێت، بەڵام ریڤز لە شوێنێکی تر بەفیڕۆی دەدات. سەرۆکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی رایانئێر دەڵێت ئەو پرۆژەیەی دەیانەوێت دەستی پێبکەن بە ٢٥ ساڵ تەواو نابێت.

گاردیەن
ئەمڕۆ ئیسرائیل ئۆنروا دادەخات
ئونروا دامەزراوەیەکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا خزمەتی خەڵکانی ئاوارەبوو دەکات، پێدەچێت ئەمڕۆ دابخرێت، ئەگەرچی ئەم دامەزراوەیە پاڵپشتییەکی زۆری نێودەوڵەتیی هەیە بۆئەوەی بتوانێت درێژە بە کارەکانی بدات.
بەرپرسانی ئونڕوا دەڵێن ئەم بڕیارەی ئیسرائیل ئەگەر جێبەجێ بکرێت پرۆسەی چاکبونەوە و هەستانەوەی ناو کەرتی غەزە و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانیش پەکدەخات.
بەڵام سەرباری ئەوەش پێدەچێت بڕیاری داخستنەکەی یەکلایی بوبێتەوە، چونکە دادگای باڵای ئیسرائیل لە دووایین چرکەساتەکانی پێش تێپەڕاندنی بڕیارەکەی خۆیدا بۆ راگرتنی کاری ئەو دامەزراوە ئامادەنەبوو پێداچوونەوەی تێدابکات.
عەرەب نیوز
ئیندۆنیزیا رێگری لە پەنابەرانی رۆهینگا دەکات
بەلایکەمەوە ٧٥ پەنابەری سەر بە کەمینەی رۆهینگا، کە چواریان منداڵن، گەیشتوون بە کاناراوەکانی رۆژئاوای ئیندۆنیزیا، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیی ئەو ناوچەیە رێگەیان پێنادەن داببەزن، دەڵێن ئەو شوێنە تایبەتە بە گەشتیاری، بۆیە پۆلیس راسپێردراوە چاودێڕیی دۆخەکە بکات و خەڵکی ناوچەکەش خۆبەخشانە خواردنیان بۆ دەبەن. پۆلیس دەڵێت دامودەزگاکانی حکومەت، کە تایبەتن بە ئەو بوارەوە ئەمڕۆ لە پشوودان، بۆیە ناهێڵن پەنابەرەکان بگەن بە سەر خاکی ئەو وڵاتە.