زووم..
دەرکەوتنی ئەپێکى چینى بەناوى “دیپسیک” شۆڕشێکی گەورەی لە جیهانی ژیریی دەستکرد هێناوەتە ئاراوە و شۆکێکى گەورەشى لە جیهان بە گشتى و ئەمریکا بە تایبەتى دروست کردووە.
ئەپەکە تەنها هەفتەیەک دوای راگەیاندنى زۆرترین دابەزاندنی لە ئەمریکا تۆمار کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بە تێچوویەکى زۆر کەمتر لە رکابەرە ئەمریکییەکانی وەک “چات جی پی تی” و “جێمینی” دروستکراوە، کە وایکرد لە بازاڕەکانی جیهان شۆک دروست بکات.
بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی، کە چۆن دیپسیک جیاوازە لە رکابەرە ناسراوەکانی چەند تاقیکردنەوە ئەنجامدراون، بە شێوەیەک لە کورتکردنەوە و نووسینی زانیارییە جۆراوجۆرەکاندا کاتێک پرسیار لە هەردوو ئەپەکە کراوە دەربارەی زانیاریی گشتی، “دیپسیک” بە بەراورد بە “چات جی پی تی” ئاستێکی باشی هەیە و لە هەندێک بواردا زانیارییەکانی زۆرترن، بۆ نموونە دیپسیک لەسەر کەسە ناودارەکانی کورد زانیاریی زیاترە.
دیپسیک لەسەر کەسە ناودارەکانی کورد زانیاریی زیاترە
لە بواری نووسین بە کوردی، مۆدێلە چینییەکە باشترە و دەتوانیت لێی تێبگەیت و تا رادەیەک پشتی پێ ببەستیت، بەڵام کاتێک کارێکی قورسی کوردی بە “چات جی پی تی” بسپێریت تێکەڵی دەکات و بە شێوەیەک وەڵامت دەداتەوە، لێی تێناگەیت و دەتوانین بڵێین بۆ بەکارهێنەری کورد “دیپسیک” باشتر وەڵام دەداتەوە.
دیپسیک لە دروستکردنی پرۆگرامی کۆمپیۆتەر و نووسینی کۆد سەرنجی زۆرێکى بۆ خۆی راکێشاوە و بەشێک لە شارەزایان ستایشی توانای ئەم ئەپە چینییە دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بەرنامەسازی تەنانەت کاتێک مۆدێلە بەناوبانگەکانی وەک “چات جی پی تی” نەیانتوانیوە ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.
لە بوارەکانی تردا وەک مێشک و بیرۆکەسازی، “دیپسیک” بیرۆکەی کەمترە، بۆ نموونە بۆ نووسینی چیرۆکى منداڵان “چات جی پی تی” بە خێرایی چەندین بیرۆکەی جیاواز پێشکەش دەکات لەکاتێکدا “دیپسیک” ژمارەی بیرۆکەکانی کەمترە بەڵام توانای بۆ بەرهەمهێنانی چیرۆکێکی تەواو و رەسەن لە ماوەیەکی کورتدا سەرنجڕاکێشە و دەتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.
لە چوارچێوەی توێژینەوە و پەروەردەدا هەردوو مۆدێلەکە دەتوانن پرسە مێژووییە ئاڵۆزەکان وەک هۆکارەکانی دابەشبوونی کوردستان، “چات جی پی تی” روونکردنەوەیەکی ورد و تەواو لەسەر بابەتەکە دەکات و لە بەرامبەردا “دیپسیک” روونکردنەوەیەکی کورت پێشکەش دەکات، کە هەموو خاڵە سەرەکییەکانی تێدایە.
بۆ ژمارەکان و وڵامدانەوەی پرسە قورسەکانی بیرکاری مۆدێلە چینییە نوێیەکە باشتر وەڵام دەداتەوە
بۆ ژمارەکان و وڵامدانەوەی پرسە قورسەکانی بیرکاری مۆدێلە چینییە نوێیەکە باشتر وەڵام دەداتەوە و بەبێ ئەوەی پرسیارەکان زۆر ئاڵۆز بکات وەڵامێکی باوەڕپێکراو پێشکەش دەکات و ژیرترە بۆ ژمارە و تێگەیشتن لە ژمێریاری.
کێبڕکێی جیهانی بۆ ژیریی دەستکرد تازە دەستیپێکردووە و پێدەچێت لە داهاتوودا داهێنانی زیاتر ببینین و چین ببێتە هێزێکی گەورەتر لە کێبڕکێکە.
سەرەڕای ئەو سەرچاوە و سەرمایە زۆرەی، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەم بوارەدا وەبەرهێنانیان کردووە، “دیپسیک” نیشانیدا، کە رکابەرە چینییەکان دەتوانن بە خێرایی و تێچوویەکی کەم و تەنانەت لە ژێر گوشاری سنووردارییەکانی ئەمریکادا دەستکەوتی هاوشێوە بەدەستبهێنن و ئەوەش کوالیتی ژیریی دەستکرد بە گشتی بەرز دەکاتەوە.