زووم..
ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا رەوانەی دادگای نێودەوڵەتیی لاهای بکات.
بەهۆی ئەو تاوانانەی هێزەکانی سەربە تورکیا لە رۆژاڤا ئەنجامیانداوە، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئیدارەی خۆسەر سەرکۆنەکەی هێرشەکانی دوێنێی تورکیای کرد، کە بەهۆیانەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و بە تاوانی جەنگ ناوی برد.
ئیدارەکە دەشڵێ، بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنیی بێچەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت بڕیارنامەی 1674ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان.
ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوەکردووەتەوە، کردەوەکانی حکومەتی تورکیا هەموو ئەو هێڵە سوورانەی بەزاندووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کاری پێ دەکەن. خوازیاریشن لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر بەو تاوانانە بکرێت.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە دەستوەردان بکەن، هێرشەکان رابگرن و بەخێرایی هەنگاو بنێن بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی دەستدرێژییەکانی تورکیا.