زووم..
لۆرین عەلیخان، دادوەری فیدراڵیی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی کارکردنی بە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتان و رێکخراوەکان، جگە لە میسر و ئیسرائیل، هەڵپەسارد.
بە چەند خولەکێک پێش ئەوەی بڕیارەکەی ترەمپ بخرێتە بواری کارپێکردنەوە، ئەم دادوەرە رێگری لە تێپەڕاندنی کرد و ناهێڵێت تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو پەسەند بکرێت.
لۆرین لەبارەی راگرتنەکەوە دەڵێت، دەبێت ئەو بارودۆخە جارێ وەک خۆی بمێنێتەوە، هەتا ئەوکاتەی دادگا کاتی خۆی وەردەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ ناوەڕۆکەکەی دەکات.
چەند رێکخراوێکی تایبەت بە بواری ژینگە و پێکەوەژیان و یەکسانیی مرۆڤ بۆچوونی جیاوازیان لە بۆچوونەکانی ترەمپ هەیە، بۆیە دەیەوێت داهاتی ئەو رێکخراوانە وشک بکات، تاوەکو نەتوانن دژایەتیی بڕیارەکانی بکەن.
ئێوارەی دووشەممەی رابردوو نووسینگەی کارگێڕی و بودجەی ئەمریکا، بە نووسراوێک داوای لە ئاژانسە فیدراڵییەکان کردبوو بە شێوەیەکی کاتی هەموو یارمەتییە داراییە فیدراڵییەکان بۆ ئەو رێکخراوانە رابگرن، هەتا پێداچوونەوەیان تێدا دەکرێت.