ئەمشەو لە یەک کاتدا و لە یاریگا و شارە جیاوازەکانى ئەوروپا ١٨ یارى لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا بەڕێوەدەچن، لە گەڕى هەشتەم و کۆتایى قۆناغى یەکەمى خولەکەدا.
بەڕێوەچوونى یارییەکانى ئەم گەڕە لە یەک کاتدا بۆ ئەوەیە یارى بە ئەنجامى یارییەکانەوە نەکرێت، لەبەرئەوەى ئەمشەو چارەنوسى یانەکان بە سەرکەوتن بۆ قۆناغى ١٦ و قۆناغى پاشکۆ یەکلادەبێتەوە.
لە ئێستادا تەنیا هەردوو یانەى لیڤەرپوڵى ئینگلیزى و بەرشەلۆنەى ئیسپانى سەرکەوتنیان بۆ قۆناغى ١٦ى خولەکە مسۆگەرکردووە.
لیڤەرپوڵ، کە ئەمشەو لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، رووبەڕووى یانەى ئایندهۆڤنى هۆڵەندى دەبێتەوە، تاکە یانەیە هەر حەوت یارییەکەى گەڕەکانى پێشووى بردووەتەوە، کە بە ٢١ خاڵ لە پێشەنگى ریزبەندى قۆناغى یەکەمى خولەکەدایە.
ریدز دەیەوێت بە یەکەمى ریزبەندیەکە سەرکەوتن بۆ قۆناغى ١٦ بەدەستبهێنێت، هەرچەندە یارییەکى قورسى لەبەردەمدایە، لەبەرئەوەى ئایندهۆڤن شەڕى گەیشتن بە قۆناغى پاشکۆ دەکات.
هاوکات بەرشەلۆنەش لە دواى لیڤەرپوڵەوە زۆرترین خاڵى کۆکردووەتەوە و بێجگە لە دۆڕاندنى جەولەى یەکەم، شەش یارى لەسەریەکى بردووەتەوە و بە ١٨ خاڵ پلەى دووەمى ریزبەندیەکەى گرتووە.
یانە کەتەلۆنیەکە هەوڵ دەدات پارێزگارى لە پێگەکەى بکات، بەبردنەوەى یارییەکەى ئەمشەوى بەرامبەر یانەى ئەتەلانتاى ئیتاڵى، بەڵام رکابەرەکەشى یەکێکى ترە لەو یانانەى دەیەوێت راستەوخۆ بگاتە قۆناغى ١٦، کە لە ئێستادا بە ١٤ خاڵ لە پلەى حەوتەمى ریزبەندیەکەدایە.
یەکێکى دیکە لە یارییە گرنگەکانى ئەمشەو ڕووبەڕووبوونەوەى هەردوو یانەى ستاد برێستى فەڕەنسى و ریاڵ مەدریدى ئیسپانییە، کە لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.
هەردوو یانە شەڕى سەرکەوتنى راستەوخۆ بۆ قۆناغى ١٦ دەکەن، هەرچەندە کارەکەیان ئاسان نییە، بەڵام سەرکەوتنیان بۆ قۆناغى پاشکۆ مسۆگەرکردووە و لە ئەگەرى دۆڕاندن مەترسى دەرکرانیان لەسەر نییە.
ریاڵ مەدریدى هەڵگرى نازناوەکە، لە حەوت یارى ڕابردووى خولەکەدا سێ دۆڕاندن و چوار بردنەوەى تۆمارکردووە، لە ئێستادا بە ١٢ خاڵ لە پلەى ١٦ى ریزبەندیەکەدایە، ستاد برێستیش لە پلەى ١٣یەمدایە و ١٣ خاڵى هەیە.
یانەى بایرن میونشنى ئەڵمانیش، کە بە ١٢ خاڵ لە پلەى ١٥یەمدایە، هەمان بارودۆخى ریاڵ مەدریدى هەیە، بەڵام ئەم تا رادەیەک یارییەکەى ئاسانە و ئەمشەو لە یاریگاى خۆیدا بەرامبەر یانەى سلۆڤان براتسلاڤاى سلۆڤاکى یارى دەکات.
لە یەکێک لە یارییەکانى دیکەى ئەمشەودا، یانەى پاریس سان جێرمانى فەڕەنسى، لە دەرەوەى یاریگاى خۆیدا، بەرامبەر یانەى شتوتگارتى ئەڵمانى یارى دەکات.
پى ئێس جى، کە ساڵانێکى زۆرە هیچ شتێک نەماوە نەیکات بۆ بەدەستهێنانى نازناوى چامپیۆنز لیگ بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا، بەڵام هەمیشە لە کۆتاییەکەیدا بێ هیوابووە.
یانە پاریسیەکە لە ئێستادا بە ١٠ خاڵ لە پلەى ٢٢ى ریزبەندى خولەکەدایە و شەڕى گەیشتن بە قۆناغى پاشکۆ دەکات، کە بە یەکسانبوونیش دەتوانێت بە ئامانجەکەى بگات.
یەکێک لەو یانە گەورانەى لە ژێر هەڕەشەى دەرکراندایە، یانەى مانچستەر سیتى ئینگلیزییە، کە ئەمشەو لە یارییەکى تا ڕادەیەک ئاساندا، میواندارى یانەى کلەب بروجى بەلجیکى دەکات.
تیپەکەى پیپ گواردیۆلا، کە لە چوار یارى ڕابردووى خولەکەدا تامى بردنەوەى نەکردووە، بە هەشت خاڵ لە پلەى ٢٥ى ریزبەندى خولەکەدایە و مانەوەى لەم پلەیەدا ماڵئاوایکردنى لێدەکەوێتەوە، هەر بۆیە ئەوەى لە توانایدایە دەیکات بۆ ئەوەى تووشى ئەو سیناریۆ ئابڕوبەرە نەبێت، کە دەرکرانیەتى لە قۆناغى یەکەمى چامپیۆنز لیگدا.