زووم
بانکی رەشیدو رافیدەینى عێراقى ئامادەن تەوتینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بکەن، ئەوەش بە گوێرەى چەند نووسراوێک، کە پەرلەمانتارێکى عێراق بڵاویکردووەتەوە.
سۆران عومەر پەرلەمانتارى عێراق دەڵێت، داوام لەوەزارەتی دارایی عێراق کرد کاتێک لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٥ کێشەی تێدا نامێنێت لیستەکان رەوانەی بانکی رەشیدو ڕافیدەین بکات بۆ تەوتین.
سۆران عومەر دەشڵێت، وەزارەتی دارایی لە ٢٠/١/٢٠٢٥ بەنووسراوی ژمارە ٢٦٨ وەڵامی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین داوەتەوەو بانکی رەشید بەنووسراوی ژمارە (٣٧٣ لە١٩/١/٢٠٢٥) دەڵێت، ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چاوەڕێین گرێبەستی نێوان بانکەکەمان و فەرمانگەکانی پەیوەندیدار بکرێت، کاتێک ٦ زانیاری فەرمانبەرمان پێبگات لەڕێی ئەپێکی تایبەت بە بانکەوە لەموبایلەوە کارتی بانکی تەوتین کارادەکرێت.
بە قسەى سۆران عومەر لەبارەى میکانیزمى دابەشکردنى مووچە لەلایەن ئەو بانکەوە، بانکەکە روونیکردووەتەوە، بۆ دابەشکردنیش دەتوانرێت لەڕێی لقی بانکە ئەهلییەکان و دەروازەکانەوە موچەکە وەربگرن.
هەر بە قسەى سۆران عومەر بانکی رافیدەین بەنووسراوی ژمارە (٣/١/١٢٨ لە ١٩/١/٢٠٢٥) ئاماژە بەوە دەکات ئامادەن بۆ تەوتینى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دەرکردنی ماستەرکارتی جیهانی و کارتی ناوخۆیی و وەرگرتنی موچە لەڕێی بانکە ئەهلییە رێپێدراوەکان.