زووم..
شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە دیمەشق لەگەڵ بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی سوید لە لوبنان و سوریا، لە دیمەشق کۆبوونەوە و جەختیان لە گەڕانەوەى ئارامى بۆ ناوچەکە کردەوە.
لە سەر ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی سوریای دیموکرات راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سوریا بە قۆناغێکی راگوزەر تێدەپەڕێت و رووبەڕووى ئاڵنگارى گەورە بووەتەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات جەختى لەوەش کردووەتەوە، کە گەیشتن بە ئارامى لە سوریا کلیلی سەقامگیریی تەواوی ناوچەکەیە.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات هۆشداریشیداوە، بەردەوامیی دۆخی ئێستا رەنگە کاردانەوەی جددی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە تایبەت لە ئەوروپا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
لاى خۆیشییەوە باڵیۆزی سوید لە کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، سوید وەک هاوبەشێکی پاڵپشت بۆ سوریاییەکان دەمێنێتەوە.
باڵیۆزی سوید ئەوەشى راگەیاندووە، لە هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتیک کە هەمووان لەخۆبگرێت و گەرەنتی سەقامگیری و گەشەسەندن بکات بەردەوام دەبین.