زووم..
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان لە باشووری لوبنان ناکشێننەوە تا ئەوکاتەی دڵنیا نەبن ئەو ناوچە سنوورییانە لەلایەن سوپای فەرمیی لوبنانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و دەپارێزرێن.
کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو شوێنانەى سوپای لێ جێگیر بووە، توندوتۆڵتری دەکەن و بەدرێژایی ناوچە سنوورییەکانیش پەرژین دروست دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سوپای ئیسرائیل تاوەکو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لەو ناوچانە دەمێننەوە.
هەر بەگوێرەى کەناڵە ئیسرائیلییەکە، لەو ماوەیەدا سوپا زنجیرەیەک ئۆپراسیۆن بۆ وێرانکردنی ناوچەکانی حزبوڵا و کۆگا شاردراوەکانى چەکی ئەو حزبە ئەنجام دەدەن، چونکە بەگوێرەى هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل، حزبوڵا لە بەشەکانى رۆژهەڵاتی هاوسنووری جەلیل ئەعلا ئەو چەکانەى شاردووەتەوە و کۆگای کردوون.
بەگوێرەی ئاگربەستە 60 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا، دەبوو رۆژی26ـی ئەم مانگە، سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە و سوپای لوبنان و هێزەکانى یونیفیڵی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان جێگیر ببن، بەڵام سێ رۆژە وادەکە تەواو بووە و سوپای ئیسرائیل هێشتا نەکشاوەتەوە.