راهێنەری دانیمارکییەکان لە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەر ناڵێت خۆم و تیپەکەم باش نەبوین، دەڵێت: گوشاری سیاسی کاریگەری لەسەر یاریزانان دروستکرد و هەر لە سەرەتاوە جامی جیهانیمان بەجێهێشت.
کاسپەر هیولماند راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی دانیمارک، لەگەڵ تیپەکەی خراپترین دەرئەنجامیان لە مۆندیالی قەتەر چنگ کەوت، ئەوان لە سێ یاری قۆناغی گروپەکاندا تەنها یەک خاڵیان بەدەستهێنا، ٢ دۆڕاندن و یەکسانبونێکیان تۆمارکرد و گەڕانەوە بۆ کۆپنهاگنی پایتەخت.
دانیمارکییەکان سەرەتا لەگەڵ تونس بەبێ گۆڵ یەکسانبون، دواتر بەرانبەر فەرەنسییەکان ١-٢ دۆڕان، پاشان بە گۆڵێکی بێوەڵام بە ئوسترالییەکانیش دۆڕان، بەوەش خراپترین ئاستیان لە مۆندیالدا نمایشکرد.
لە پاش هەر سێ یارییە خراپەکەیان، کاسپەری راهێنەر گلەیی لەوانە دەکات، کە هەوڵیانداوە یاریزانەکان ناچار بکەن بیانکەن بە چالاکوانی سیاسی، ئەنجامەکانی هەموو یارییەکانیشیان بۆ ئەو گوشارانە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: نەمانتوانی بگەینە قۆناغی ١٦ هەڵبژاردە.
میدیای ئەوروپا دەمێکە گوشار لە قەتەر و فیفا و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی رێکخەری مۆندیالی ٢٠٢٢ دەکەن و هەڵبژاردەکانی کیشوەری پیریشیان وا لێکرد، کە رەخنە لە قەتەر بگرن لەژێر بیانوی هاوڕەگەزبازی و مافی کرێکاران، زووم-یش لە راپۆرتێکی شیکاری پێشودا تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە ئەم مۆندیالە، بەرجەستەکردنی تەواوەتی پێکدادانی شارستانێتییەکانە.
لە پاش لەدەستچونی هەموو شتێک لەلایەن دانیمارکییەکانەوە لەم مۆندیالەدا، راهێنەری هەڵبژاردەکە لەبارەی پرسی گوشاری سیاسییەوە وتی: رەنگە هەندێک هەبن بڵێن ئەوە کەی بیانوە، رەنگە هەندێکیش هەبن بڵێن، کە ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر یاریزانان نییە، تەنانەت ئەگەر ئەو بابەتە کاریگەریشی نەبێت لەسەر رەوشی ناو یاریگا، ئەوا هەر دەبێت قسەی لەبارەوە بکەم. زۆرینەی کەناڵەکانی راگەیاندن داوایان لە یاریزانان دەکرد ببنە چالاکوان، ئەوەش هەستێکی وای لای یاریزانان دروستکرد و لەنێوان خۆیاندا دەیانپرسی: باشە لەم جامی جیهانییەدا چی ئەرکێک لەسەر شانی ئێمەیە؟ بۆیە دەڵێم: یاریزانان کەوتبونە ژێر گوشارەکەوە.