زووم..
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە و دەیانەوێت بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکەن، دوو هۆکاریش بۆ دواکەوتنی مووچە دەخاتەڕوو.
لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقی لەبارەی دواکەوتنی مووچە دایەوە و دەڵێت، قسەکانی دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، تائێستا هەرێمی کوردستان زانیاریی سەبارەت بە تەوتینی مووچەخۆران لە بانکە ئەهلی و حکومییەکان بە وەزارەتەکەیان نەداوە، لەکاتێکدا تەوتین بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ناردنی مووچەی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان پشت بە لیستی کاغەزی نابەستن و پێویستە بەئەلیکترۆنی رەوانە بکرێت تا بەخێرایی مووچە رەوانە بکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ناوی ئەو فەرمانبەرانەی لە لیستی مووچە لانەبردوە، کە خانەنشین بوون و ژمارەیان زیاتر لە 29 هەزارە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو مووچەکانیان بۆ ئەژمار بکرێت و پاداشتی خزمەتیان پێبدرێت لەگەڵ 100 هەزاری دیناری زیادە کە دەدرێتە خانەنشینان.
دەشڵێت، تائێستا هەرێم تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی بۆ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو تەواو نەبووە، لەبەرئەوەی بە هەڵە زانیاری تۆمارکردووە و پێکەوە کار بۆ راستکردنەوەی دەکەن.