زووم…
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
سەلاسی باوەجانی هێماکانی هاتووچۆی نییە
شاری سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بەهۆی نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ تووشی پشێوی هاتوچۆ و مەترسیی گەورە بۆ شۆفێران و خەڵک دەبێتەوە.
خەڵکی ئەم شارە رەخنە لە نەبوونی هێماکانی سەر رێگاکان دەگرن و جەخت لەسەر دانانی هێمای هاتووچۆ و نیشانەی رێگاوبان و رووناکی دەکەنەوە و پێیان وایە ئەم رێوشوێنانە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.
شارەوانی و پۆلیسی هاتووچۆی سەلاسی باوەجانی دەڵێن، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەکەن، بەڵام هێشتا رێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە نەگیراوەتەبەر.

مەردوم سالاری
بە فیڕۆدانی 15%ـی ئاوی ئێران قەیرانی دروستکردووە
وشکەساڵی و قەیرانی ئاو بووە بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی وڵاتی ئێران.
سەرچاوەکانی ئاوی وڵاتەکەی بۆ نزمترین ئاست دابەزیووە و تەنها 43٪ـی توانای بەنداوە گەورەکان پڕ بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان 23 پارێزگا کێشەی ئاویان هەیە بەڵام هێشتاش بەشێکی زۆری ئاوی ئەو وڵاتە بەفیڕۆ دەچێت.
لە ئێستادا 15٪ ئاوی شارەکان بە فیڕۆ دەچێت کە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە سێ ملیار دۆلار بودجە پێویستە لە پێناو نۆژەنکردنەوەی بۆریە خراپەکان، گۆڕینی پێوەری شکاو، دانانی پێوەری زیرەک، جیاکردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە ئاوی کشتوکاڵ.
هەروەها پێویستە پاککردنەوە و بەکارهێنانی ئاوەڕۆکان بەتایبەت لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵدا بخرێتە پلان و پەرەی پێبدرێت.
کەیهان
عێراقچی داوا دەکات ترەمپ لەبری فەلستینییەکان، ئیسرائیلییەکان بگوازێتەوە بۆ گرینلاند
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیو پێشنیازی بۆ ترەمپ کرد لەبری گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ میسر و ئوردن، ئیسرائیلییەکان بگوازرێنەوە بۆ گرینلاند.
هەروەها هۆشداریدا کە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کارەساتبار دەبێت و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەبارەت به ئەگەری دانوستان لەگەڵ ئەمریکاش عەراقچی گوتی: ئێران ئێستا له رابردوو بێمتمانەتره و دەبێت متمانەسازی زۆر بکرێت بۆ ئەوەی بچێته نێو دانوستانی نوێ.
عەراقچی هەروەها ئاماژەی بە دۆخی حەماس و حیزبوللا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گرووپانە سەرەڕای زیانەکان، بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.
ئەفکار
سنە دەبێتە خاوەنی گوندێکی تەندروستی
ئەنوەر رەشیدی، سەرۆکی شارەوانیی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، 15 هێکتار زەوی سەر بە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگاکە دەکرێتە گوندێکی تەندروستی.
رەشیدی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی کوردستان، جەختی لە گرنگی پاڵپشتی زانستی و پسپۆڕانە لە پڕۆژەکانی شارەوانیدا کردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە 55٪ـی بیناسازیی پارێزگاکە کۆن و ناکارامەن و جەختی لەسەر پێویستیی پلاندانان و هەوڵی بەردەوام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە قاهیرە حەماس و میسر نەخشەڕێگەى دواى ئاگربەست دادەڕێژن
سەرکردەیەکى باڵاى حەماس دەڵێت، شاندێکى باڵای حەماس لە دوێنێ سێشەممەوە بەسەرۆکایەتى محەمەد دەروێش سەرۆکی ئەنجومەنى سەرکردایەتى حەماس و ئەندامێتى خالید مەشعەل و خەلیل حەیە و زاهیر جەبارەین و نیزار عەوەز و محەمەد نەسر و غازی محەمەد لە قاهیرەیە و لەگەڵ لیوا حەسەن رەشاد بەڕێوەبەرى گشتى دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان لە قۆناغى دواى ئاگربەست و ئیدارەدانی غەزە کردووە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە سەردانى شاندى باڵای حەماس بۆ قاهیرە لەکاتێکدایە کە ماجید ئەنساریی وەزیری دەرەوەى قەتەر لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ناوبژیوانانى نیوان حەماس و ئیسرائیل لە هەوڵی نەخشەکێشانى داوى ئاگربەستدان و میدیاى فەرمیى ئیسرائیلیش بڵاویکردبوویەوە ناوبژیوانان کار بۆ ئەوە دەکەن سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لە قەتەر کۆبوونەوەیەک بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامبدرێ.
مەدا
مانەوە لە ترافیکەکاندا ساڵانە دوو ملیار دۆلار زیان لە عێراق دەدات
فازڵ غەڕاوى سەرۆکی ناوەندى ستراتیژیی بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، قەرەباڵغی شەقامەکان و مانەوەى زۆر لە ترافیکەکاندا یەکێکە لە کێشە ئابورییەکانى عێراق و بەشێوەیەکى راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیان لە داهاتى نیشتمانى دەدات، رایگەیاند، بەگوێرەى توێژینەوەیەک فەرمانبەران و کرێکاران کاتێکى زۆریان لەنێو قەرەبلاڵغی شەقام و ترافیکەکاندا لەدەستدەچێت و لەبری ئەوەى ئەوکاتە لە وەبەرهێناندا بەکاربهێنن ماندوویان دەکات.
بەگوێرەى راپۆرتى -گڵۆباڵ ترافیک سکورکارد- فەرمانبەرانى شارەکان ساڵانە 100 بۆ 150 کاتژمێرى تەمەنی کارکردنیان لەنێو قەرەباڵغی و ترافیکەکاندا بەفیرۆدەچێت و بەڕێژەى 2% بۆ 5% ـى رێژەى بەرهەمهێنانیان کەمدەکاتەوە جگە لە پیسبوونى ژینگە و بەکارهێنانى ناپێویستى سوتەمەنى ئۆتۆمبێلەکان و ناڕەحەتى گەیشتنى ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ئەوانەى دی کە پێویست دەکات زوو بگەنە سەر ئامانجەکانیان، غەراوى رایگەیاندووە عێراق ساڵانى لەنێوان یەک تا دوو ملیار دۆلاردا زیانى بەردەکەوێت، بانکی نێودەوڵەتیش بڵاویکردووەتەوە یەکێک لە کێشەکانى فەرمانبەرانى کەرتى گشتى لەعێراق ئەوەیە کە درەنگ دەگەنە شوێنى کارکردنیان و بووەتە هۆی دابەزینى بەرهەمهێنان بە رێژەى 15%، غەڕاوى راشیگەیاندووە لە شارە گەورەکاندا سێ کاتژمێر کاتى هاووڵاتیان لە ترافیک و قەرەباڵغییەکاندا بەفیرۆدەچێت.
عەرەب
گەڕانەوەى ئاوارەکانى سوریا کارێکى ئاسان نییە
زیاتر لە شەش ملیۆن هاووڵاتیی سوریا بەهۆی ناسەقامگیریی وڵاتەکەیانەوە ئاوارەن و زۆرینەیان لە وڵاتانى تورکیا، میسر، لوبنان، ئوردن و عێراق دەژین و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستیان گەشتووەتە وڵاتانى ئەوروپا و داواى پەنابەرییان کردووە، هەرچەندە ئیدارەى نوێی سوریا داواى لە هاووڵاتییان کردووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵام تا ئێستا وەک پێویست نییە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە هەرچەندە هێشتا دوو مانگ بەسەر نەمانى رژێمەکەى بەشار ئەسەد دا تێپەڕیوە بەڵام تەنها 125 هەزار کەس گەڕاونەتەوە و زۆرینەیان لە تورکیا و ئوردن و لوبنانەوە بووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، بەشێکى زۆری ئاوارەکان نازانن چارەنووسى وڵاتەکەیان بەکوێ دەگات. ترسیان لە ئیدارەى نوێ هەیە بە سەرۆکایەتى ئەحمەد شەرع، وڵاتەکەیان کێشەى ئابوورى قوڵی هەیە و بەو خێراییە چارەسەرناکرێت، هێشتا ئابڵۆقەى سەروڵاتەکەیان لانەبراوە، دەرمان و پێداویستى پزیشکى وەک پێویست نییە، نیوەى دانیشتوانى ئەو وڵاتە پێویستییان بە هاوکاریی و دەستگرۆیی نێودەوڵەتى هەیە.
هەربۆیە تا ئێستا ژیانى میوانداریی وڵاتانیان بەلاوە باشترە تاگەڕانەوەیان بۆ ئەو جۆرە ژیانە.

سەباح
وەزارەتى تەندروستى دەیەوێت بە یاسا رێگریی لە بڵاوبوونەوەى تالاسیما بکات
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتى تەندروستى عێراق دەڵێت، لیژنەیەکیان پێکهێناوە لە وەزارەتى ئەوقاف لە پێکهاتەکانى – سونە، شیعە و مەسیحییەکان- لەگەڵ میدیاکاران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ گەڵاڵەکردنى پرۆژەیاسایەک تا رێگە لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى تالاسیما بگیرێت.
راشیگەیاندووە، نەخۆشییەکە پەیوەندیی لە بۆماوەییەوە هەیە و لەڕێگەى هاوسەرگیرییەوە دەگوازرێتەوە، هۆکارى بڵاوبوونەوەى ئەوەیە کە بەشێوەیەکى گشتى خەڵک گرنگی بە پشکنینیى پێش هاوسەرگیریی نادەن و بەشێکیشیان پێش لەوەى پشکنیینەکان ئەنجام بدەن لە دەرەوەى دادگا هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەى پرۆژەیاسایەکەوە رێگریی بکەن و داوا لە
پەرلەمان بکەن هاوکاریان بێت بە دەرکردنى یاسایەک کە پشکینینەکانى پێش لە هاوسەرگیریی توندبکەنەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پەنابەران وایانکردووە ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا لە فەرەنسا زیاتربێت
زۆریی ژمارەی پەنابەران لە بەریتانیا وایکردووە ئەم وڵاتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بکەوێتە پێشی فەرەنساوە.
نوسینگەی ئاماری نیشتمانی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2032ـدا دانیشتوانی بریتانیا ژمارەیان بگات بە 72 ملیۆن و 500هەزارکەس، چونکە تا ئەوکاتە ژمارەی پەنابەران لەم وڵاتەدا دەگات بە 4.9ملیۆن.
بەم گۆڕانکارییانەوە بەریتانیا پێش فەرەنسا دەکەوێت، چونکە دانیشتوانی فرەنسا لە ساڵی 2023ـدا 69.5 ملیۆن کەس بووە و لە ساڵی 1983ـشەوە لە 69.2 ملیۆندا وەستاوە و تێینەپەڕاندووە.

تایمز
یەکەمین دەستەی نەخۆش بۆ پشکنینی ئاستی تووشبوون بە خەڵەفان خوێنیان لێ وەرگیردرا
لە بەریتانیادا یەکەمین دەستەی نەخۆش خوێنیان بۆ پشکنینی ئاستی تووشبوونیان بە خەڵەفان لێ وەرگیردرا و زانایان دەڵێن ئەمە پێشکەوتنێکی زانستیی نوێیە بۆ پشکنینی هەلومەرج و ئاستی تووشبوونیان.
ژمارەیەکی زیاتر لە 3000 کەسی بەریتانی هەن، کە گومانیان لە رەوشی تەندروستیی عەقڵیی خۆیان هەیە، ئەمانە هەموویان دەبرێنە ناو کایەی ئەو پرۆژە زانستییە نوێیەوە، کە ئومێدی ئەوەی لێدەکرێت، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا چارەسەر و پشکنینیێکی زانستی و هەرزان بۆ دەزگای تەندروستی بخاتەبەردەست. فایۆنا کارەیجە لە کۆمەڵگەی چارەسەری ئالزەهایمەر، دەڵێت: “ئومێدیان بەم چارەسەر نوێیە هەیە، کە گۆڕانکارییەکی شۆڕشگێڕانە لە چارەسەرکردنی ئالزەهایمەر و نەخۆشییە عەقڵییەکانی تردا بکات”.

فاینەنشیەڵ تایمز
داواکاری گشتیی ئیتاڵیا لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیران دەکات
داواکاری گشتیی رۆما، جۆرجیا میلۆنیی سەرۆکوەزیرانی خستۆتە بەر لێپرسینەوە، لەسەرئەوەی حکومەتەکەی ئەو بڕیاریداوە و سەرکردەیەکی ئەنجامدەری شەڕی لیبیا رەوانەی وڵاتی خۆی کردۆتەوە، لەکاتێکدا ئەم کەسە لەلای دادگای تاوانی نێوودەوڵەتی داواکراوبووە، چونکە تاوانی ئەنجامداوە.
دوێنێ ڤیدیۆیەک بڵاوبۆتەوە، تێیدا جۆرجیۆ میلۆنیی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا دەردەکەوێت و دەڵێت خۆی و کارلۆ نۆردیۆی وەزیری داد و مەتیۆ پلانتیدۆسیی وەزیری ناوخۆ و چەند بەرپرسێکی تری باڵای وڵات تایبەت بە ئەو کەیسە، خراونەتە بەر لێپرسینەوە. لەم مانگەدا ئوسامە ئەلمەسری نەجیم، سەرکردەی سەربازیی لیبی لە ناوچەی تورین لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، کەچی سەرۆکوەزیران بە فڕۆکەیەکی تایبەتی سەربازیی ئیتاڵی ناردویەتیەوە بۆ لیبیا.
یۆرکشایەر پۆست
لە هەر سێ منداڵێک یەکیان بە هەژاری دەژی
ئەمڕۆ راپۆرتێک بڵاودەبێتەوە، تێیدا هاتووە، کە ناوچەی یۆرکشێرلەڕووی گەشەوە خراپترینە و رەوشەکە تەنها بە گەشەی ئابوری چاکنابێتەوە. دەبێت وێنە گەورەکەی بگۆڕدرێت. لەو راپۆرتە فەرمییەدا هاتووە، کە لە هەر سێ منداڵ دانەیەکیان بە هەژاری دەژی، ئەم بارودۆخەش ناگۆڕێت هەتا بە بڕیارێکی پەرلەمانی یاسای سوودەکان چاک نەکرێتەوە.
دامەزراوەی جۆزێف راونتری راپۆرتی ساڵانەی هەژزاریی بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆ دەکەوێتە بەرچاوی خەڵک، تێیدا دەڵێت ئەو هەژارییەی منداڵانی ناوچەی یۆرکشایەری گرتۆتەوە مایەی شەرمە، تەنها گەشەپێدانی ئابوورییش بەس نییە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ کاندیدی جەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسور یەڤاش کاندیدی جەهەپەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووى سەرۆککۆمار گوتیشی ئەوان ئامادەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان وەک سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا و ئەو دوو کاندیدە دەبنە هۆی بوژانەوەى شادەماریی دیموکراسی لە تورکیا.
سەرۆکی جەهەپە ئەوەشی راگەیاندووە بۆ دەستنیشانکردنی یەک لەو کاندیدە، لەلایەن ملیۆنێک و 600 هەزار ئەندامی پارتەکەمانەوە دەنگیان پێدەدرێت و زۆرترینیان دەبێتە کاندیدی پارتەکەمان.
ئۆزال راشیگەیاندووە لە بەرامبەر نادادپەروەریی دەسەڵاتی تورکیا لەئێستاوە کەمپینی هەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوەدەبەین.

جمهورییەت
دوێنێ چوار رۆژنامەنووس دەستبەسەر کران
دوێنی ئێوارە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵەوە دۆسیەى لێکۆڵینەوە لەسەر چوار رۆژنامەنوس کرایەوە. ئەو چوار رۆژنامەنووسە لە میدیاکانی جەهەپە و نزیک لە ئۆپۆزسیۆن کاردەکەن.
یەک لەو رۆژنامەنوسانەش ژنە پێشکەشکاری ناوداری تورکیا شیرین پایزنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی تۆمەتبار کراوە.
دەسەڵاتی تورکیا ماوەیەکە دەستی کردووە بە چاو سورکردنەوە لە رۆژنامەنوسانی نزیک لە ئۆپۆزسیۆن بەڵام هیچ رۆژنامەنوسێکی نزیک لە دەسەڵات دۆسیەى لەسەر نەکراوەتەوە. هاوکات سزا داراییەکانی دەزگای ریتوک بۆ سەر میدیا ئۆپۆزیسۆنەکان بەردەواممە.
ئایدنڵک
دەم پارتی سەردانی 40 پارێزگا دەکات
تولاى حاتمئۆغلاری هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بە مەبەستی روونکردنەوەى زیاتر لەسەر بەڕێوەچونی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان شاندێکی پارتەکەیان سەردانی 40 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەکات و لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە کۆدەبنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی راشیگەیاندووە لە بەرواری یەک بۆ16ـى شوبات دەست بە سەردانەکانیان دەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە پشتیوانی تەواوی چین و توێژەکان بۆ پڕۆسەکە گرنگە.

ئەڤرەنسەل
رێژەى ژنانی بێکار زیاد بووە
بە گوێرەى راپۆرتێکی رێکخراوی پاڵپشتی ژنانی ئەسەنیەلی، لە ساڵی 2024 دا رێژەى ژنانی بێکار لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاد بووە.
بە گوێرەى راپۆرتەکە رێژەى ئەو ژنانەى بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن سەدا 1400٪ زیادبووە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە لە ساڵی پاردا رێژەى ئەو ژنانەى توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و پەنایان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بردووە بە رێژەى 34٪ زیاد بووە.