زووم..
بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق راگەیەنراوێکى لەبارەى هەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەبێت لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن.
رێباز حەملان لەمیانى راگەیەنراوێک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوومەتەوە و باسی دۆخی دارایی عێراق و ئاڵەنگارییەکانمان لەم ساڵدا کرد
رێباز حەملان دەشڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکە لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمان لەسەر ئەم دۆخە، بە سەرۆکوەزیران گەیاند.
بریکارى وەزارەتى دارایی عێراق باسى لەوەش کرد، ئەو هەنگاوانەم باسکرد لەسەر داواکاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم، کە رۆژانە بە بەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن بۆ چارەسەرى کێشەکان.
رێباز حەملان ئەوەشى راگەیاندووە، مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتووە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپەو موچەخۆران زۆر پشوو درێژ و خۆراگربوون، بۆیە بۆ سەرۆکوەزیرانم روونکردەوە، داواکاری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و یاسای بودجەو بریارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها رایگەیاندووە، هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتووین لە بەغداد لە نێوان هەردوو شاندى حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی فؤاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری عێراق.