زووم..
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا هەنگاوێکی شێتانە دەنێن ئەگەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەنە ئامانج.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەوا هەنگاوێکی شێتانە دەنێن و ناوچەکەش تووشی کارەساتێکی گەورە دەکەن.
عێراقچی دەڵێت، بە ئاشکرا رامانگەیاندووە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان ئەوا دەستبەجێ وەڵامی تووندمان دەبێت.
لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانەوە دەڵێت، باوەڕهێنان بە ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان بەراورد بە پێشتر کاتێکی زیاتری پیدەچێت. دەشڵێت، لە ئێستادا دۆخەکە زۆر ئاڵۆزترە و دەبێت لایەنی بەرامبەر هەنگاوی دیکە بنێت بۆ ئەوەی دووبارە ئێران رازی بکەنەوە بێتەوە سەر مێزی دانووستان.
لەبارەی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پاککردنەوەی کەرتی غەزە لە فەڵەستنییەکان گوتوویەتی، باشترین چارەسەر گواستنەوەی ئیسرائیلییەکانە بۆ گرین لاند، چونکە پاککرنەوەی غەزە لە فەڵەستینییەکان توندوتیژی زیاتر لە ناوچەکەدا دروستدەکات.