یانەی پێشمەرگە لەسەر ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە و ئەم هەفتەیەش تووشی دۆڕاندن دەبێتەوە.
لە یارییەکانی هەفتەی ١٣ ی خولی نایابی عێراق، یانەی موسڵ لە یاریگا و لەبەردەم هاندەرانیدا میوانداری پێشمەرگەی کرد.
تایمی یەکەم یاریزانانی موسڵ باشتر بینران و بە هێرشکردن دەستیان بە یاریی کرد و بە گۆڵێک پێشکەوتن.
یاریزانانی پێشمەرگە هەوڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
لەگەڵ دەستپێکردنی تایمی دووەم پێشمەرگە هەوڵی گۆڵی یەکەمیان دەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە یانەی خاوەن یاریگا بە سێ گۆڵی دیکە پێشمەرگەیان بەسەر کردەوە.
هەرجەندە لە خولەکی ٨٨ و پێنجی زیاد کراو یادگار ئیبراهیم و دیار کاکە برا دوو گۆڵیان بۆ پێشمەرگە تۆمار کرد، بەڵام نەبووە فریاد رەسی یانەکە.
لە کۆتاییشدا یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بەسودی یانەی موسڵ کۆتایی هات.
بەو بردنەوەیە یانەی موسڵ بە کاتی چووە پلەی چوارەمی ریزبەندی بە ٢١ خاڵ، پێشمەرگەش بە ١٧ خاڵ بە کاتی چووە پلەی هەشتەم.