زووم..
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان راگەیەنراوێکى لەسەر لیستى مووچە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی روونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرجکرایەوە.
ئەم راگەیەنراوەى وەزارەتى دارایی هەرێم لە وەڵامى چەند قسەیەکى پەرلەمانتارێکى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بووە، کە رایگەیاندبوو، “٧٥٠ هەزار ناوى دووبارە و مردوو لە لیستى مووچەدا هەیە”.
وەزارەتەکە لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.
وەزارەتى دارایی هەرێم روونیکردووەتەوە، کە تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانیارییانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە ١٩ وەزارەت و ٨ دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی ( ٧٠ ) و ( ٨٠ ) دێت و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبێت بە داتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.
جەختى لەوەش کردووەتەوە، کە بەدرێژایی ساڵی یابردوو لە هیچ راپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو پەرلەمانتارە باسی دەکات.
وەزارەتى دارایی داواى کردووە، ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە، کە لەماوەی نزیکەی ١٠ رۆژدا دووجار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لەهەولێر و بەغداد کۆبووەتەوە، “جەنابیان لەکوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیارییەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتە ڕوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و فەرمانبەران.
وەزارەتەکە ئەوەشى رایگەیاندووە، پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بە مووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی رێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردوو نەزیندوو نییە، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.