زووم..
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وەڵامی ئەو پێشنیازەی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە رایگەیاندبوو، دەیەوێت غەزە “پاکبکاتەوە” و فەڵەستینییەکان بۆ ئوردن و میسر بنێرێت.
عەباس عەراقچی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز، بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و گوتی، “من پێشنیازێکی دیکەم هەیە، لەجیاتی فەڵەستینییەکان با ئیسرائیلییەکان بنێرین بۆ گرینلاند.”
ترەمپ چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەو پێشنیازی کرد و گوتی قسەم لەگەڵ شا عەبدوڵای ئوردن کردووە تا خەڵکی غەزە لەخۆبگرێت چونکە ئێستا غەزە وێرانەیە و بە کەڵكی ژیان نەماوە. هەردوو وڵاتی میسر و ئوردن پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکایان رەتکردەوە.
پێشنیارەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتێکدایە کە ترەمپ هەوڵی کڕینی گرینلاند دەدات و دەڵێت: زۆر پێویستمانە.
لەبارەی ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، عەباس عەراقچی گوتی: ئێمە بەتەواوی روونمان کردووەتەوە کە هەر هێرشێک بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانمان وەڵامی یەکلاکەرەوەی بەدوادا دێت، بەڵام پێموانییە کارێکی شێتانەی لەو جۆرە بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران دانیشی بەوەدا نا کە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەری لاواز بوون و گوتی، “حزبوڵا و حەماس زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا خەریکی بنیادنانەوەی خۆیانن.”