زووم..
رۆژنامەی مەدا دەڵێت، تورکیا بۆ شەڕی پەکەکە فشار لە بەغداد دەکات و سیاسییەکانیش ترسیان هەیە لەوەی هەمان سیناریۆی سوریا لە عێراق دووبارە بکاتەوە.
نزیکەی ساڵێکە هەوڵ دەدات بەغداد پەلکێشی شەڕی پەکەکە بکات، هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی زیاتری ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق دەکات. لەگەڵ ئەوەی خاکی عێراقی داگیرکردووە و بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بە هەموو رێگایەکیش هەوڵی گەمارۆدانی عێراق دەدات.
رۆژنامەکە دەڵێت، هاکان فیدان متمانەپێکراوی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا سێ جار داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە شەڕی پەکەکە بکەن، لە سەردانەکەی ئەمجارەشیدا گوتوویەتی، دەبێت لەگەڵ عێراق ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش و پەکەکە دەستپێبکەن و چاوەڕوانن عێراق بەفەرمی پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.
چەند سەرچاوەیەکی سیاسی بە رۆژنامەکەیان گوتووە، بەغداد پەیوەندی لەگەڵ تورکیا هەیە و ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەش لەنێوانیاندایە.
بە گوتەی سەرچاوەکان، عێراق نایەوێت شەڕ لە ناوچەکە هەبێت، ئۆپراسیۆنی سەربازییش دژی پەکەکە ناکات، بەڵکو دەیەوێت بۆ چارەسەری کێشەکان رێگای دیپلۆماسی بەکاربهێنرێت، بەڵام تورکیا بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە فشار دەکات، هەروەها بەغداد پشتیوانیی گفتوگۆی سێ لایەنی دەکات، کە ئێستا لەنێوان پەکەکە و ئەردۆغان و هەسەدەدا هەیە.