زووم…
جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی گواستنەوەی فەڵەستینییەکانی غەزەی کرد، هەروەها گفتوگۆی لەگەڵ میسر و سعودیە و ئوردن لەو بارەیەوە دەستپێکردووە.
ترەمپ پێداگرە لە پێشنیازەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش قسەی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر کردووە و پێی گوتووە، ئێمە لە زۆر قۆناغ هاوکاری ئێوەمان کردووە، چاوەرێین ئێوەش هاوکارمانبن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش قسەی لەگەڵ پادشای ئوردن کردووە، هەروەها بڕیارە قسە لەگەڵ شازادەی سعودیە بکات.
ترەمپ زۆر لەسەر ئەو بابەتە پێداگرە، بڕیارە ئەمڕۆ نێردەی تایبەتی بۆ رۆهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێتە سعودیە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێیخۆشە خەڵکی غەزە لە ناوچەیەک بژین دووربن لە ئاڵۆزی و شەڕ، بەڵام ئێستا کەرتی غەزە بووە بە دۆزەخ بە کەڵکی ژیان نەماوە.
قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە دوێنێوە لێشاوی ئاوارەکان بۆ باکووری غەزە دەستیپێکردووە زیاتر لە 200 هەزار کەس گەڕاونەتەوە.
رۆژنامەی ئیندیپێندەنتی بەریتانی دەڵێت، گەڕانەوەی خەڵکی غەزە پەیامێکە بۆ پێشنیازکەی ترەمپ.