زووم..
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دادبینی بۆ چوار سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکات، سیانیان دژی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
سکاڵاکان لەلایەن خالید مستەفا حسێن تۆمارکراون، بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ، لە تەوەری یەکەمدا دادگا دادبینی بۆ سکاڵایەک دەکات دژی وەزیری دادی عێراق، داوا دەکرێت رۆژنامەی وەقائیع، کە رۆژنامەی فەرمیی عێراقە بە زمانی کوردییش بڵاوبکرێتەوە، بەشێک لە رۆژنامەکانی پێشووی وەربگێڕدرێت بۆ زمانی کوردی.
سکاڵای دووەم دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، تایبەتە بە زیادکردن یان کەمکردنەوەی رسومات و سزای هاتوچۆ، هەروەها دەرکردنی فەرمانێک لەبارەی نادەستووریی ئەو رسوماتانەی هاوڵاتییان دەیدەنە کۆمپانیاکانی مەرجی توندوتۆڵی و سەرپێچی تیژڕەوی.
سکاڵای سێیەم و چوارەم دژی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە، داواکراوە وەزارەتەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەوقاف هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەری ئەوانە دەستەی سەربەخۆ بە ناوی دامەزراوەی شەهیدان و چەند دیوانێک بۆ پێکهاتە ئاینی و مەزهەبییەکان دروستبکات.