زووم…
رۆژنامەى یەنیچاخى تورکی بڵاویکردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، زیادکردنى مووچەى خانەنشینان کاریگەریى خراپى دەبێت و رێژەى هەڵاوسان بەرزدەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە و دەنگى ناڕەزایى خانەنشینانى بەرزکردووەتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، دوێنێ ژمارەیەک خانەنشین لە ئیستەنبوڵ دژى لێدوانەکەى ئەردۆغان گردبوونەوە، خانەنشینان دەڵێن، ئەو قسانەى ئەردۆغان دەیکات منداڵیش باوەڕى پێى نەماوە، ئەو پێمان دەڵێت، خەرجى کەمبکەنەوە مووچەکەتان بەشتان دەکات، بەڵام خۆى هەر خەرجییەکانى زیاد دەکات.
هاوکات ئاژانسی ئانکا دەڵێ، بەهۆى سیاسەتە خراپەکانى ئەردۆغانەوە، خانەنشینان لە دۆخێکى دارایى زۆر خراپدان، رۆژانە ژەمەکانیان بە شۆربا بەڕێ دەکەن، ئەگەر بتوانن لە مانگێکدا مریشک بکڕن، یەک هەفتە لێى دەخۆن، ئاوى مریشکەکە دەگرن بۆ ئەوەى چەند ژەمێکى دیکە بە نانەوە بیخۆن.