زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
خەرجییەکانی سەرۆکی کاروباری ئایینی زۆرتر بوون
لەکاتێکدا کرێکاران و خانەنشیان خۆپیشاندان دەکەن بۆ زیادکردنی مووچەکانیان، عەلی ئەرباش سەرۆکی کاروباری ئایینی و دەستە و تاقمەکەى بێوێنە خەرجییەکانیان زیاتر بووە.
ئەوان لەماوەى رابردودا گەشتیان بۆ تەواوی وڵاتانی دنیا کردووە، وادیارە گەشتیان پێخۆشە!
ئەرباش و هاوێکانی لەسەر بودجەى دەوڵەت و پارەى میللەت گەشتیان بۆ سعودیە، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئوستورالیا کردووە.
خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی کاروباری ئاینی 147% زیاد بووە. لە 302 ملیۆن لیرەوە بووە لە 745 ملیۆن. ئەمە لەکاتێکدایە حکومەت بۆ ساڵی 2025 تەنها 11%ـی موچەی فەرمانبەران و 16%ـی مووچەی خانەنیشینانی زیاد کردووە.
تورکیا
فیدان پێنج پێشنیازی بە بەرپرسانی سوریا گەیاندووە
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پێنج پێشنیازی وڵاتەکەی بە ئیدارەى نوێی سوریا گەیاندووە، گرنگترینیان پاراستنى یەک پارچەیی خاکی سوریا، دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سوریایە، بە جۆرێک نەبێتە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر وڵاتانی دیکە، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ و تیرۆر لەنێوخۆى وڵات، هەروەها پاراستنى مافی کەمینەکانی سوریا، سەربەخۆیی سیاسەتی سوریاش پارێزراوبێت، حکومەتێکی گشتگیر و فراوان پێکبهێنرێت. تەواوی گروپە چەکدارەکانیش بچنە ریزی سوپاوە.
میللییەت
هەوای ئیستەنبوڵ ژەهراوی بووە
پسپۆڕانی ژینگە رایانگەیاندووە لەم هەفتەیەدا کەشوهەوای ئیستەنبوڵ پیسترین ئاستی تۆمار کردووە، رەنگە هەزاران کەس بەهۆی هەڵمژینی هەوای پیسەوە رەوانەى نەخۆشخانەکان بکرێن، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان پەنجەرەى ماڵەکەیان بۆ هەواگۆڕکێ نەکەنەوە. ئەوانەشی دەچنە دەرەوە ماسک ببەستن.
هۆکاری پیسبوونی ژینگەی شارەکە بۆ بوونی کارگەی زۆر و بوونی یەک ملیۆن ئۆتومبێل دەگەڕێتەوە.
میلاد
دۆسیەیەکی دیکە لەسەر ئیمامئۆغڵو کرایەوە
بە تۆمەتی بە ئامانجگرتنی دادوەران و داواکاری گشتیی، دۆسیەى یاسایی لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستەنبوڵ کرایەوە.
ئیمامئۆغڵو گوتوویەتی، دۆسیەکەم سیاسییە و پیلانێک لەدژى من لەئارادا هەیە، ئامادەیی بۆ زیندان پیشاندا و سڵاوی بۆ دەمیرتاش و ئومید ئۆزداغ لە زیندان نارد.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردی چینیی هەڕەشەی خستنی بازاڕ دەکات
بەرنامەیەکی ژیریی دەستکردنی چینی هەیە، بەرەوپێشچوونەکانی کایەی ژیریی دەستکردی لە بەریتانیا خستووەتە بەر هەڕەشە، نزیکبووەتەوە لەوەی زیانی یەک تریلیۆن دۆلار لە بازاڕی پشکەکانی جیهان بدات.
ئەو بەرنامە چینییە ناوی (دیپ سییک)ـە، دوێنێ خۆی گەیاندبوو بە کایەی بەرنامەدابەزاندنەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، ئەو چرکەساتی هێرشکردنەی ئەو بۆسەر ژیریی دەستکرد ناولێنرا (چرکەساتی سپوتنیک)، تەنانەت بەرنامە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکانی ئەمریکاش نەیانتوانی پەکیبخەن.

تایمز
شێرپەنجەی پرۆستات بڵاوترینە
دەزگای تەندروستیی بەریتانی دەڵێت ئێستا لەنێو ئینگلتەرادا شێرپەنجەی پرۆستات باوترین جۆرە، لە پێنج ساڵی رابردوودا ئەم جۆرەیان بەڕێژەی 25٪ بەرزبووەتەوە، تەنها لە ساڵی 2023ـدا 55 هەزار حاڵەتی نوێ تۆمارکراون و بەمەش بە رێژەیەکی زۆر دەکەوێتە پێشی شێرپەنجەی مەمکەوە، کە ئەمەی دوواییان لە ساڵی 2019ـدا 44 هەزار حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکراوە.

فاینەنشیەڵ تایمز
مەسک شەڕی لە دژی برۆکسل راگەیاند
ئیلۆن مەسک شەڕی لە دژی برۆکسل راگەیاند، لەبەرئەوەی باجیان لەسەر ئوتۆمبێلی تێسلا بەرزکردووەتەوە.
کۆمپانیای تێسلا سکاڵا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات، لەبەرئەوەی باجی گومرگییان لەسەر هاوردەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی جۆری تێسلا لە چینەوە زیادکردووە، رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەیەکی یاسایی لەنێوان بروکسل و ئەم ملیاردێرەی بازاڕی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا.
یەکێتیی ئەوروپا باجی گومرگی لەسەر ئۆتۆمبێلی تێسلای کارەبایی بۆ رێژەی 7.8٪ بەرزکردووەتەوە، بەڵام رێژەی باجی ئۆتۆمبێلەکانی تر لە ئاستی 3.3٪ ـدا ماوەتەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەبی جەدید
حزبوڵا رەتیکردەوە ماوەى کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان درێژبکرێتەوە
گەڕانەوەی دانیشتوانى باشووری لوبنان بەردەوامن بۆ سەر گوند و ناوچە و ماڵە جێهێڵراوەکانیان بۆ ئەوەى چیتر لەژێر داگیرکاریی سوپای ئیسرائیل نەمێنێتەوە.
شێخ نەعیم قاسم، ئەمینداریی گشتیی حزبوڵا دەڵێت، حزبەکەى بەهیچ شێوەک قبوڵی ناکات ماوە بۆ مانەوەى سوپای ئیسرائیل لە باشوور و سنوورەکانى لوبنان درێژبکرێتەوە.
لەماوەى شەست رۆژی ئاگربەست، دەبوو ئیسرائیل لە سنوورەکان و باشووری لوبنان بکشایەتەوە، وەک نەکشاوەتەوە، ئێستا داوای درێژکردنەوەى مانەوەى سوپاکەى دەکات لەو سنوورانە.

سەباح
ساڵی پار زیاتر لە 72 هەزار حاڵەتى جیابوونەوەى هاوسەران تۆمارکراون
دادگاکانى عێراق لەساڵی 2024دا زیاتر لە 72 هەزار حاڵەتى جیابوونەوەی هاوسەرانی تۆمارکردووە.
ئەم ژمارەیە دەکاتە جیابوونەوەی هەشت هاوسەر لەماوەى یەک کاتژمێردا.
رۆژنامەکە هۆکاری جیابوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەى هاوسەران دەگێڕێتەوە بۆ فراوانى لە بەکارهێنانى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ئاسانیی جیابوونەوە و نیشاندانى ژنى جیابووەوە وەک هێمایەک بۆ ئازادبوون.
بەشێکی دیکەى هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پاڵنەرە ئابوورییەکان و نەبوونى کار و بەرزیی نرخ و تێچووەکان.
شەرقلئەوسەت
نەخشەڕێگای ئەوروپا بۆ سوککردنى سزاکانى سوریا
وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى ئەورپا، لە برۆکسێلی پایتەختى بەلجیکا، رێککەوتن لەسەر سوککردنى سزاکانى سەر سوریا.
ئەو سزایانە لەسەر وەختى رژێمەکەى بەشار ئەسەد بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپابوون، یەکێتى ئەوروپا خواستى بۆ سوککردن و هەڵگرتنى هەنگاو بە هەنگاوى ئەو سزایانە دەربڕی.
ئەحمەد شەیبانى، وەزیری دەرەوەى سوریا، لە سەکۆی ئێکس خۆشحاڵی خۆی بەو بڕیارە دەربڕی و نوسیویەتى، رەنگدانەوەیەکی ئەرێنى لەسەر هەموو گەلانى سوریا جێدەهێڵێت و دەیخاتەوە سەر رێگەى گەشەکردنى بەردەوام.

قودسی عەرەبی
کوردانى سوریا دوای فشارەکانى دیمەشق خەریکى رێکخستنەوەى نێوماڵیانن
ئاڵنگارییە سیاسیی و ئەمنییەکان، ئیدارەی خۆسەری کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ناچار دەکات ریزەکانیان یەکبخەن، چونکە ئەو دابەشبوونە ناوخۆییەی کوردانى رۆژاڤا، پێگەی کورد لە دانوستانەکان لەسەر مافە سیاسیەکان، لەم قۆناغەى راگوزەری سوریا لاواز دەکات.
ئیدارەی خۆسەر لەم چوارچێوەیەدا دەستی بە جموجۆڵ کردووە و پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەک لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەگەڵ ئەنەکەسە بەڕێوەبچێت.