زووم..
ئەنجومەنى راژەى گشتى تەواوبوونى رێکارەکانى دامەزراندنى 500 کەس بە شێوەى گرێبەست، بۆ فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە ڕادەگەیهنێت.
فەرمانگەى میدیا و زانیاریی حکومەتى هەرێمى کوردستان، وێنەیەکى لە فەرمانى رەزامەنديى سەرۆکایەتيى ئەنجومەنى وەزیران، تایبەت بە دامەزراندنى ئەو کەسانە بۆ کارى پێویست ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى کردووە و لە ئێستادا زانیاريى پەیوەست بە شوێنى دەوامى فەرمى ئەو کەسانە لە لایەن ئەنجومەنى راژەى گشتى بە فەرمى رەوانەى پارێزگاى هەڵەبجە کردووە، ئەوەش بەمەبەستى جێبەجێکردنى رێکارە کارگێڕییەکانى پەیوەندیدار بە دامەزراندنیان بە پێى ڕێنمایيى ژمارە (10) ساڵى 2019.
فەرمانگەى میدیا و زانیاریی راشیگەیاندووە، (48) کەس لە کۆى ئهو (500) فەرمانبەره کەسوکارى پلەیەکى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانن و لە سیستەمى خاڵبەنديى گشتى، خاڵى تایبەتیان بۆ دیارى کرابوو وێڕاى ئەوەى رەچاوى (یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەنپێداویستيى تایبەت) ژمارە (22)ى ساڵى (2011)ش کراوە، بە تەرخانکردنى رێژەى 5% لە تێکڕاى وەزیفەکان بۆ توێژى ئاماژەپێدراو، بە شێوازێک (25) کەس لە کۆى (500) دەرچوو خاوەنپێداویستيى تایبەتن و بە سیستەمى کۆتا دەر چوون.
هەروەها دەرچووان بەپێى پێداویستيى فەرمانگەکانى سنوورى پارێزگهى هەڵەبجە (45) جۆر وەزیفەى گشتى لەئەستۆ دەگرن، بە شێوازێک بڕوانامە و بوارى پسپڕرییان لەگەڵ جۆرى کار و ناونیشانى وەزیفییان دهگونجێت و هیچ دەرچوویەک بە ئەرکێک هەڵناستێت لە بوارى پسپۆڕيى خۆى نەبێت بە پێى بڕوانامەکەى.