زووم..
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى، دواى پێنج مانگ لە راگەیاندنى دەستلەکارکێشانەوەى، دوو رۆژە گەڕاوەتە سەر کارەکەى و لە ژوورى خۆى دەوام دەکات.
دڵشاد عومەر، مانگی تەمموزى ساڵی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی من زەوییەکی 182 دۆنمی لە بەکرەجۆ دراوە بە کۆمپانیایەیەک بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان دەست لە کاردەکێشمەوە و دواتر لە رۆژى 19ـى ئاب نامەى دەستلەکارکێشانەوەى بڵاوکردەوە و دەستى لەکار هەڵگرت.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە پەروەردەى سلێمانى پەیوەندى بە زوومەوە کرد و گوتى، مامۆستا دڵشاد گەڕاوەتەوە بۆسەر کارەکەى.
محەمەد دڵشاد زوومى سلێمانى، بۆ پشتڕاستکردنەوە، چووە پەروەردەى سلێمانى و چووە ژوورى بەڕێوەبەرى گشتى، کاتێک دەرگاکە دەکاتەوە دەبینێت مامۆستا دڵشاد لەسەر کورسى بەڕێوەبەرى گشتى دانیشتووە.
محەمەد دەڵێت، تەوقەیەکم لەگەڵ مامۆستا دڵشاد کرد و پێکەوە چایەکمان خواردەوە، لێمپرسی مامۆستا چۆن وا گەڕاویتەوە بۆ دەوام، ئەى دەستت لەکارنەکێشایەوە، لە وەڵامدا گوتى، من ئەو ماوەیە مۆڵەت بووم، ئێستاش مۆڵەتەکەم تەواوبووە و گەڕاومەتەوە، دەمەوێ کاروبارى خانەنشینی بکەم، چونکە من تەمەنم نەگەیشتووە بە خانەنشینى و دەمەوێت خۆم داواى خانەنشینى بکەم.
محەمەد دەڵێ، لێمپرسی، ئەى ئێستا وەکو بەڕێوەبەرى گشتى واژۆ لەسەر کتاب دەکەیت و کاروبارەکان رای دەکەیت، ئەو گوتى، بەڵێ هەموو کارەکان دەکەم و بەڕێوەبەرى گشتیم، بەڵام ئەو کێشەى لەسەرى داواى دەستلەکارکێشانەوەم کرد، ئێستاش مکوڕم لەسەرى، نابێ زەوییە بدرێ بە کۆمپانیا.