زووم:
هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەموو هەماهەنگیى و ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوى تیرۆر هەڵپەسارد، بەهۆی بەردەوامى بۆردومانەکانى تورکیا بۆسەر باکورى سوریا (رۆژئاڤاى کوردستان).
ئارام حەنا، گوتەبێژى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، بە ئاژانسى رۆیتەرزى راگەیاندووە، هێزەکانیان هەموو ئۆپراسیۆنەکانى هەماهەنگیی و هاوبەشیان لەگەڵ لەگەڵ هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتى ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر راگرتووە، پاشئەوەى تورکیا تۆپباران و بۆردومانى ناوچەکانى باکورى سوریاى کرد.
پنتاگۆن: ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سوریا نەوەستاون
لێدوانى گوتەبێژەکەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات دوای ئەوە دێت، کە پاتریک رایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا “پنتاگۆن” رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی داعش لە سوریا نەوەستاون و بەردەوامن.
تورکیا لە 19ی مانگى رابردووەوە ئۆپراسیۆنێکى ئاسمانى و تۆپبارانى لە دژى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لەژێر ناوى “چنگ – شمشێر” دەستپێکردووە و ئێستاش هەڕەشەى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى زەمینى دەکات، سەربارى ئەوەى بەرپرسانى ئەمریکا دەڵێن هۆشدارییان بە تورکیاداوە لە هەر هێرشێک بۆسەر باکورى سوریا.
دوێنێ 1ى کانوونى یەکەمى 2022، خولوسى ئاکار، وەزیرى بەرگریی تورکیا لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرپرسانى ئەمریکا پەیوەندییان کردووە و داوایان کردووە چاو بە بڕیارى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنەکەمان بۆسەر باکورى سوریا بخشێنینەوە، گوتی، ئێمەش داوامان لە ئەمریکا کردووە پابەندى بەڵێنەکانی بێت سەبارەت بە سوریا.
ئەنقەرە داواکارییەکى واشنتۆنى رەتکردووەتەوە
لەلایەکى دیکەوە رۆژنامەى شەرقولئەوست لە ژمارەى ئەمڕۆ 2ى کانوونى دووەمى 2022 بڵاویکردەوە ئەنقەرە داوایەکى واشنتۆنى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئۆپراسیۆنى زەمینى بۆسەر باکورى سوریا رەتکردووەتەوە.