زووم..
سەرچاوەیەک لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە زوومی راگەیاند، ئەمریکییەکان لە هەوڵدان هەردوو لیوای پیادەی هاوبەشی یەک و دووی وەزارەتى پێشمەرگە بگەڕێننەوە سەربازگەی کەی وەن لە کەرکوک.
سەربازگەی کەى وەن دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەڵەتى کەرکوک پێشتر لە کاتی شەڕی داعش هێزەکانی ئەمریکا و پێشمەرگەی لێبوو، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرى 2017 پێشمەرگە سەربازگەکەى چۆڵکرد، دواتر لە ساڵی 2020 ئەمریکییەکانیش سەربازگەکەیان جێهێشت، ئێستا بارەگاى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوکى لێیە.
زووم بەدواداچوونى زیاترى بۆ هەواڵەکە کرد و پەیوەندی بە لیوا خالید عەودل، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک کرد، ئەو گوتی تەنها وەکو دەنگۆ هەواڵەکەیان بیستووە و هیچ شتێکى فەرمى لە ئارادا نییە، گوتیشى، بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانە بۆ ئەوەیە گومان بخرێتە سەر ئەو ئارامیەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە.
نوێنەرەکەى وەزارەتى پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکوک جەختى لە هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کردەوە و رایگەیاند، پێشتر دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکهێندراوە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە و لە لایەن حکومەتی عێراقەوە مووچەیان پێدەدرێت و پڕچەک دەکرێن، ئێستاش لە هەوڵدان لیوای سێیەم پێکبهێنرێت.
لیوای یەکی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە ئامر لیواکەی یەکێتییە و ئەرکیان لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و قەزاى چەمچەماڵە، لیوای دووی پیادەش ئەرکیان لە سنووری قوشتەپە و میحوەری پردێی هێزەکانی پێشمەرگەیە و ئامر لیواکەی پارتییە.