زووم..
ئەمڕۆ جارێکی دیکە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانى، دەستیان کردەوە بە بۆردومانکردنى دەوروبەری بەنداوی تشرین، بەڵام ئەمجارە بە چەکی قورس بۆردومانەکە ئەنجامدەدەن.
بەگوێرەى هاوار نیوز، ئەمڕۆ جارێکی دیکە گرووپە چەکدارەکان، بە هاوکاریی فڕۆکە و تۆپهاوێژەکانى تورکیا، بە چەکی قورس و بە چڕیی نزیک قەڵغانە مرۆییەکانی نزیک بەنداوى تشرین بۆردومان کردووە.
تاکو ئێستا ئاماری قوربانیان و زیانەکانى ئەو بۆردومانە ئاشکرانەکراوە، لە رۆژانى رابردووشەوە سەدان هاووڵاتیی ناوچەکانى رەقە و تەبقە و دێرەزوور بۆ دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی و رێگریکردن لە هێرشەکانی تورکیا، چوونەتە بەنداوی تشرین.
ئەمڕۆ بیست رۆژی تەواو بەسەر پاراستن و دروستکردنى قەڵغانیی مرۆیی سەر بەنداوەکە تێدەپەڕێت، تا ئێستا حەوت جار خۆپیشاندەران لە بەنداوی تشرین بەئامانجگیراون و 13 جاریش کاروانی هاووڵاتیان کە بەرەو بەنداوەکە رۆیشتوون، لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە بۆردومانکراون.