زووم..
دوو سەرچاوەی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە زوومیان راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
دەشڵێت، هەردوولا گفتوگۆ لەبارەى مووچە و بودجە و ئەو راپۆرتەى وەزارەتى دارایی عێراق دەکەن، کە شاندەکەیان لە سەردانەکەی بۆ هەولێر ئامادەیکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، بڕیاربوو دوێنێ شاندی هەرێمی کوردستان سەدانی بەغدادی بکردایە، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
یەکشەممەى رابردوو شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، چووە بە غداد، لەوێ لەگەڵ فوئاد حسێن، جێگرى سەرۆکوەزیران و تەیف سامى، وەزیرى دارایی کۆبوونەوە.
رۆژی دواتر، وەزارەتى دارایی شاندێکى ناردە هەولێر و دوو رۆژ مانەوە، راپۆرتێکیان لەبارەى لیست و ژمارەى مووچەخۆران و خەرجییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەکرد و گەڕانەوە، شاندەکەی ئەمڕۆش کە دەچێتەوە بەغداد گفتوگۆ لەبارەى ئەو راپۆرتەوە دەکات.