زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
یەکێتى ئەوروپا هەنگاو بۆهەڵوەشاندنەوەى سزاکانى سوریا دەنێت
سێ دیبلۆماتکاری ئەوروپی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، پێدەچێت بەزووترین کات سزا سەپێنراوەکانى سەر سوریا لە بوارەکانى وزە و گواستنەوە دا هەڵبگیرێت، یان لانى کەم لە هەنگاوى یەکەمدا سوکبکرێت.
ئەم گۆڕانکارییە بابەتە داراییەکانیش دەگرێتەوە، دبلۆماتکارەکان جەختیانکردووەتەوە ئەو بابەتە لە لایەن وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپاوە لە کۆبوونەوەى دووشەممەدا تاوتوێ دەکرێت، کایا کالاس بەرپرس لە یەکێتى ئەوروپا رۆژى چوارشەممەى رابوردوو رایگەیاندبوو کە یەکێتى ئەوروپا کاردەکەن بۆ سوککردنى سزاکانى سەر سوریاى نوێ.

سەباح
سێ کارگەى نوێی بەرهەمهێنانى دەرمان لەعێراق دەکرێتەوە
محەمەد عەبدولقادر بەڕیوەبەرى گشتى پیشەسازیی دەرمان لە عێراق رایگەیاند، سێ کارگەى نوێی دروستکردنى دەرمان لە عێراق دەکەنەوە کە بوارەکانى مەرهەم، کرێم و شروب دەگرێتەوە.
بەگوێرەى گوتەى بەرپرسە عێراقییەکە دروستکردنى کارگەکان لەسەر شێوازی ستانداردى جیهانیی دەبێت، سێ بیناى کۆنی وەزارەتى تەندروستییان بۆ نۆژەندەکرێـتەوە و باشترین تەکنۆلۆجیاى بەرهەمهێنانى دەرمانى تێدا بەکاردەهێنن و بڕیارە لە ماوەیەکى کەمی داهاتوودا وەزارەتى تەندروستى دەست بەکارەکانى بکات لەو بوارەدا

مەدا
ساڵانە لە عێراقدا 12 ملیار مەتر سێجا غاز دەسوتێت
ئاژانس وزەى جیهانى بڵاویکردەوە، عێراق کار بۆ ئەوە دەکات سوتانى بێسوودی غازى ساڵانەى کەمبکاتەوە، بەڵام هەنگاوەکانى زۆرهێواش و لەسەرخۆن.
بەگوێرەى راپۆرتى ئەو ئاژانسە ساڵانە 12 ملیار مەتر غاز بەبێ سوود دەسوتێت و ئەوەش زیانێکى گەورەى لە ئابوورى ئەو وڵاتە داوە، راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە گەشەى بەکارهێنانى غاز لە جیهاندا لە ساڵی 2024 دا 2.8% بووە کە دەکاتە 115 ملیار مەترسێجا و توانیویەتى رێژەیەکى زۆر لە پێداویستییەکانى هاووڵاتیان دابینبکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە ناوەڕاستى ساڵی 2024 دا 65% ـى غازەکەى دەسوتێت کە دەکاتە 12 ملیار مەتر سێجاى ساڵانە هەرچەندە ئەو وڵاتە بەڵێنى دابوو بە ئاژانسى وزەى جیهانیی کە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە، بەڵام هەنگاوەکانى زۆر سستن، ئاماژەى بەوەشکردووە بەکارهێنانى غازی سروشتى لەوڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەتى لە وڵاتانى عێراق، ئێران، کوەیت و عەرەبستانى سعودییە.
عەرەب
پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بازێکى گەورەی داوە و خەریکە دەبێتە براندێکى جیهانی
ئاژانسى ئەنادۆڵو بڵاویکردەوە، کەرتى پیشەسازیی بەرگریی لە تورکیا لە ساڵی 2024ـەوە پێى ناوەتە سەردەمی زێرینەوە، بەرهەمەکانى تورکیا بووەتە جێگە سەرنجی بەشێک لە سوپاکانى جیهان و چووە ریزبەندى11ـەمین وڵاتى جیهان لە وەبەرهێنانى پیشەسازیی بەرگرییدا.
هەناردەى بەرهەمەکانى لەو ساڵەدا حەوت ملیار و 154 ملیۆن دۆلار بووە، چاوەڕێش دەکرێت لە ساڵی 2025 دا گرێبەستى نوێ لەگەڵ وڵاتانى جیهاندا بکات بۆ ئەوەى تەکنۆلۆجیاى سەربازیی تورکییان پێبگەیەنێت و یەکێک لەوانە بەرهەمهێنانى تانکێک لە جۆری- ئاڵتاى – و پەرە موشەک و بزوێنەری هەلیکۆپتەر بدات، بڵاویشیکردووەتەوە -کۆمپانیاى توساش- نمونەیەکى لە مانگی دەستکردی جۆری -غوک تورک- ـى رەوانەى بۆشاییەکانى ئاسمان کردووە، چاوەڕێش دەکرێت لەوبوارەشدا گرێبەست لەگەڵ وڵاتانى جۆراوجۆردا واژۆبکات..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پاشا سەردانێکی مێژوویی بۆ ئاشڤیتز ئەنجامدەدات
شا چارڵسی سێیەم دەبێت بە یەکەمین پاشای بەریتانیا، کە پێ بخاتە سەر خاکی ئاشڤیتز و لەوێ هەستی مرۆیی و پاشاییانەی خۆی دەرببڕێت.
چەند سەچاوەیەکی نزیک لە دەستەڵاتی پاشایی گوتیان، شا چارڵس وەک مرۆڤ و وەک کەسایەتیی خاوەن تاجی پاشایی بەریتانیاش بە هەست و سۆزەوە کاری لەسەر دۆسیەی یادەوەریی رزگاربووانی ئەو کارەساتە کردووە، بۆئەوەی چیرۆکەکانیان بگەن بە نەوەکانی داهاتوو.
گاردیەن
بانگەشەکەی ترەمپ بۆ وازهێنانی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە وەک پاکتاوی رەگەزی لێکدەدرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی کردووە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەلەستین واز لە کەرتی غەزە بهێنن. بەڵام ئەم داواکارییەی ناوبراو لەلایەن پەیوەندیدارەکان بە کەیسی فەلەستینی و دۆستەکانی ئەمریکاشەوە رەتکرایەوە. هەمووان و بە تایبەتییش کەسانی یاساناس و چالاکوانان دەڵێن ئەوە پێشنیارێکی خراپە. نە یاساییە و نە کردەییشە.
ترەمپ گوتی حەزدەکات سەدان هەزار کەسی خەڵکی ئەو کەرتە بگوێزنەوە و بچنە وڵاتانی دراوسی، ئەگەر بەشێوەی کاتی بێت یان درێژخایەن. ئەو گوتبووی با ژمارەیەکیان بچنە ناو خاکی ئەردەنەوە، کە خۆی لە ئێستادا دوو ملیۆن و 700 هەزار فەلەستینیی تێدایە، یان دەتوانن میسر هەڵبژێرن.
دەیلی میرەر
ئاشڤیتز هەشتا ساڵە بەردەوامە
مایا تریبیچ رزگاربوویەکی هۆلۆکۆستە، کەس ناتوانێت لەوە تێبگات ئاستی ئازارەکانی چەندن، کە دەچێتەوە ئاشڤیتز و یادی ئەندامە تێداچووەکانی خێزانەکەیان دەکاتەوە. لە ناو کەمپەکانی کوشتندا مایا سێ کەس لە ئەندامەکانی خێزانەکانی لەناوبران. خۆشی بەندکراوێکی دەستی نازییەکان بوو، ئێستا تەمەنی 94 ساڵە. دەڵێت، هەموو ساڵێک لە یادی کۆکوژییەکەدا دەچێتەوە ئاشڤیتز، لەبەرئەوەی نایەوێت کەسوکارەکەی لەبیربچنەوە.
یۆرکشێر پۆست
سۆشیال میدیا دنیای گەنجی پڕکردووە لە قەیران
داوادەکرێت تەمەنی رێگەپێدراو بۆ بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان بەرزبکرێتەوە بۆ 16 ساڵ و بەکارهێنانی مۆبایلیش لە ناو خوێندنگەکاندا قەدەغە بکرێت.
بەکارهێنانی سۆشیال میدیا ژمارەیەکی زۆر گرفت و قەیرانی بۆ تەندروستیی عەقڵیی خەڵکانی گەنج دروستدەکات. سەنتەری دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی ناسراو بە سی ئێس جەی، کە ناوەندێکی فکرییە راپۆرتێکی نوێی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە، تێیدا داوادەکات کاریگەریی ئەو ئامێرانە و جیهانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر گەنجان کەمبکرێتەوە. ئەو ناوەندە دەڵێت لە ساڵی 2022ـدا ژمارەی ئەو کچانەی کە هەوڵی خۆکوشتن و ئازاردانی خۆیانیان داوە بۆ چوار هێندە بەرزبۆتەوە. ژمارەی ئەو کچانە زۆرن، کە بەوهۆکارانەوە فڕێندراون بۆ نەخۆشخانەکان و بەشەکانی فریاکەوتن. ئەم ناوەندە داوادەکات بەکارهێنانی ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە گەنجانی خوار تەمەنی 16 ساڵ قەدەغە بکرێت و چاودێریی ناوەڕۆکی بابەتەکانی سۆشیال میدیاش بکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەسکەناس
نەشتەرگەریی گۆڕینی رەنگی چاو؛ بڕیارێکی کوێرانەیە
نەشتەرگەری گۆڕینی رەنگی چاو کە لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بانگەشەی بۆ دەکرێت، لەلایەن پسپۆڕانەوە هۆشداریی جددی لەسەر دەدرێت.
ئەم کارە بە دەرزی لێدانی مادەی رەنگی لە ناو چاودا ئەنجام دەدرێت، کە ڕەنگە جوانییەکی کاتی دابین بکات، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی گەورەی تەندروستی و تەنانەت کوێربوون.
دکتۆر هورمز شەمس پزیشکی چاو جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم شێوازانە بەتایبەتی لە ناوەندە بێ مۆڵەتەکاندا مەترسییەکی زۆریان لەسەر تەندروستی چاو هەیە.
شارەزایان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە خەڵک نەکەونە ژێر کاریگەریی ریکلام و خۆیان لەم کارە ناپێویستانە بەدوور بگرن بۆ پاراستنی چاوە سروشتیەکانیان.
کەیهان
هەناردەی بێ سنوور؛ هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی پەتاتەیە
بەرزبوونەوەی نرخی کیۆیەک پەتاتە بۆ 60 هەزار تمەن بەهۆی زیادەڕۆیی لە هەناردەکردن و پابەندنەبوون بە پێداویستییە ناوخۆییەکان، کێشەی قورسی بۆ چینە کەمداهاتەکان دروستکردووە.
لە ماوەی دوو مانگدا نرخی پەتاتە سێ هێندە زیادی کردووە و قازانجی هەناردەکردن چووەتە گیرفانی بازرگانەکان و خەڵک بوونەتە قوربانی.
وەزیری کشتوکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێگە نادات هەناردەکردن بوەستێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان گرنگترە.
کار و کارگەر
لە ئێراندا 1094 حاڵەتی تای خوێنبەربوون دەستنیشانکراون
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند کە تا ئێستا 1094حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە وڵاتدا دەستنیشانکراون.
لەو ژمارەیەش 883 نەخۆش پێشینەی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات نەبووە و لە ناوخۆدا تووشبوون.
زۆربەی حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی باشووری ئێران وەک بەلووچستان تۆمار کراون بەڵام خەریکە نەخۆشیەکە بۆ پارێزگاکانی ناوەندیش وەک تاران و ئەسفەهان بڵاو دەبێت.

ئەبرار
1500 بارهەڵگر لە پشت سنوورەکانی رۆژهەڵات چاوەڕێی ئیزندانن
سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی تۆمارنەکردنی فەرمان و تەرخان نەکردنی دراوی بیانی، 1500 بارهەڵگر لە سنوورەکانی رۆژهەڵات چاوەڕوانی چارەسەرین.
ئەم بارهەڵگرانە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گومرگی ورمێ و بازرگانەوە هاتوونەتە ناو ئێرانەوە، بەهۆی کێشەی یاسایی و ناتەبایی لە تۆمارکردنی فەرماندا، تووشی کێشه بوون. بەگوێرەی رێساکان هاوردەکردنی بارهەڵگرەکان کە تەمەنیان لە سێ ساڵ کەمترە رێگەپێدراوە، بەڵام ئیزندانی ئەو بارهەڵگرانە لە تورکیە رەنگە ببێتە هۆی غەرامەکردن یان تەنانەت دەستبەسەرداگرتنی.
تا ئێستا 140 بارهەڵگر لەلایەن تورکیە دەستی بەسەردا گیراوە.
رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو
دۆسیەى یاسایی لەسەر 11هونەرمەند کرایەوە
داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ دۆسیەى یاسایی لەسەر 11 هونەرمەند کردەوە، بە تۆمەتی ئەوەى بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکانى گەزى کردووە.
ئەوەی جێگەى سەرنج بێت کردنەوەى ئەم دۆسیە لەپاش 12 ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەکانی گەزی دێت. ئەو هونەرمەندانە تۆمەتبار کراون بەوەی بەشداری خۆپیشاندانەکانی گەزی-یان لە ئیستەنبوڵ کردووە بۆ رووخاندانى حکومەت.
بە گوێرەى زانیارییەکان بەدواداچونەکان فراوانتر دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت کەسانی دیکەش دەستگیربکرێن.
خۆپیشاندانەکانی گەزی لە ئیستەنبوڵ لە مەیدانی تەقیسم هاتەئاراوە لەساڵی 2014 بۆ ماوەى ساڵێکی خایاند داوای رووخاندی حکومەتى ئاک پارتی دەکرا.
جمهورییەت
متمانە بە کەرتی گەشتیاریی نەماوە
لەپاش سوتانی هۆتێلێکی گەشتیاریی لە پارێزگای بۆڵو، هۆتێلەکان و کەرتی گەشتیاریی گورزێکی کوشندەى بەرکەووت، هاتنى گەشتیاریی بیانی بۆ کەمبووەتەوە.
حکومەت بۆ گەڕانەوەى متمانە بە هۆتێلەکان داوای کردوە بە زووترین کات سەرجەمیان بە مەبەستی سەلامەتی لەلایەن تیمەکانی حکومەتەوە بپشکێنرێن.

ئاکیت
حکومەت زیاتر لە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بە لێقەوماوانی بومەلەرزەکان رادەستکردووە
لەگەڵ نزیکبونەوە لە بومەلەرزەکەى شوباتی 2023 لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا حکومەتی تورکیا تا ئێستا 201 هەزار یەکەى نیشتەجێبونی بە لێقەوماوانی بومەلەرزەکە داوە.
بە گوێرەى ئامارەکان بەم ژمارەیە 45٪ـی لێقەوماوان بونەتە خاوەن یەکەی نیشتەجێبونی خۆیان. بەرپرسانی حکومەت رایانگەیاندووە لە ماوەى دوو ساڵدا لە 11 پارێزگا لە174 شوێنی جیاواز یەکەى نیشتەجێبونیان بۆ لێقەوماوان دروست کردووە و 182 هەزار ئەندازیار کاریان لە پڕۆژەکاندا کردووە.

یەنی بیرلیک
لە ماوەى سێ ساڵدا زیاتر لە چوار هەزار شوێنی گەشتیاریی داخراون
وەزارەتی کلتور و گەشتیاریی تورکیا رایگەیاند، لەماوەى سێ ساڵدا 4380 هۆتێل و شوێنی گەشتیاریان بە یەکجاری داخستووە کە مەرجەکانی گەشتیاریی و سەلامەتیان تیانەبووە. ئەوەشیان راگەیاندووە زۆرترین هۆتێل لە ئیستەنبوڵ داخراوە کە ژمارەیان 767 شوێن بووە لە پاش ئەویش لە ئیزمیر 515 هۆتێل و لە سەکاریا 499 هۆتێل داخراون.