زووم:
ئەمشەو بە ئەنجامدانی چوار یاری لە گروپەکانی حەوتەم و هەشتەم، کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی مۆندیال دێت، ناسنامەی هەر 16 هەڵبژاردەکەی قۆناغی دووەم ئاشکرادەبێت. سیناریۆکانی هەردوو گروپەکە بەتەواوی هاوشێوەی یەکدین و جیاوازییان نییە. هەڵبژاردەی بەرازیل و هەڵبژاردەی پورتوگال (بەرازیلی ئەوروپا) هەریەکەیان شەش خاڵیان هەیە و پێشوەختە سەرکەوتوون و شەڕی پلەی یەکەمی دەکەن، سیناریۆکانی سەرکەوتنی دوو هەڵبژاردەکەی دیکەش بەتەواوی لەیەکدی دەچن، دووەمەکان سێ خاڵیان هەیە و ئەوانی دیکەش هەریەکەیان یەک خاڵ. سیناریۆکان بەتەواوی لەیەکدی دەچن.
سیناریۆکانی گروپی حەوتەم
بەرازیل شەڕی پلەی یەکەم دەکات
هەڵبژاردەی بەرازیل پێشوەخت سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەرکردووە، بەڵام ئەمشەو شەڕی ئەوەدەکات لە پلەی یەکەمی گروپەکە بمێنێتەوە.
سەماکەرانی سامپا بە بردنەوە و یەکسانبوون بەرامبەر کامیرۆن پلەی یەکەمی مسۆگەردەکات، تەنانەت لە کاتی دۆڕاندنیشدا پلەی یەکەم لەدەست-نادات مەگەر سویسرا بە جیاوازیی سێ گۆڵ و زیاتر لە سربیا بباتەوە.
بلیتی دووەمی ئەم گروپە لەنێوان سێ هەڵبژاردەکەی دیکەدا دەبێت:
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی سویسرا
سویسرا بە بردنەوە لە سربیا راستەوخۆ سەردەکەوێت و بە دۆڕاندنیش دەردەکرێت، بە یەکسانبوونیش هیوای سەرکەوتنی هەیە بەمەرجێک کامیرۆن لە بەرازیل نەباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی سربیا
سربیا تەنها یەک بژاردەی لەبەردەمە کە ئەویش مەرجی لەگەڵدایە: پێویستە لە سویسرا بباتەوە، بەو مەرجەی کامیرۆن لە بەرازیل نەباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی کامیرۆن
نوێنەرەکەی کیشوەری ئەفریقیا چانسی سەرکەوتنی لاوازە، بەوپێیەی پێویستی بەوە هەیە لە بەرازیل بباتەوە و لەهەمانکاتیشدا سویسرا و سربیا یەکسان بن، یاخود سربیا بیباتەوە.
سیناریۆکانی گروپی هەشتەم
پورتوگال شەڕی پلەی یەکەم دەکات
هەڵبژاردەی پورتوگال پێشوەخت سەرکەوتنی بۆ قۆناغی 16 مسۆگەرکردووە، بەڵام ئەمشەو شەڕی ئەوەدەکات لە پلەی یەکەمی گروپەکە بمێنێتەوە.
رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بە بردنەوە و یەکسانبوون بەرامبەر کۆریای باشوور پلەی یەکەمی مسۆگەردەکات، تەنانەت لە کاتی دۆڕاندنیشدا پلەی یەکەم لەدەست-نادات مەگەر غانا بە جیاوازیی دوو گۆڵ و زیاتر لە ئۆرۆگوای بباتەوە.
بلیتی دووەمی ئەم گروپە لەنێوان سێ هەڵبژاردەکەی دیکەدا دەبێت:
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی غانا
غانا بە بردنەوە لە ئۆرۆگوای راستەوخۆ سەردەکەوێت و بە دۆڕاندنیش دەردەکرێت، بە یەکسانبوونیش هیوای سەرکەوتنی هەیە بەمەرجێک کۆریای باشوور لە پورتوگال نەباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی ئۆرۆگوای
ئۆرۆگوای تەنها یەک بژاردەی لەبەردەمە کە ئەویش مەرجی لەگەڵدایە: پێویستە لە غانا بباتەوە، بەو مەرجەی کۆریای باشوور لە پورتوگال نەباتەوە.
ئەگەرەکانی سەرکەوتنی کۆریای باشوور
نوێنەرەکەی کیشوەری ئاسیا چانسی سەرکەوتنی لاوازە، بەوپێیەی پێویستی بەوە هەیە بە جیاوازیی دوو گۆڵ لە پورتوگال بباتەوە و لەهەمانکاتیشدا غانا و ئۆرۆگوای یەکسان بن، یاخود ئۆرۆگوای بیباتەوە.