زووم..
لاهور شێخ جەنگی لە یادی ئازادکردنی کۆبانێ رایگەیاند، تێکۆشانی کۆبانێ درەوشاوەترین چرکەساتەکانی مێژووی خەباتی گەلی کوردە لە رۆژاڤا، بۆیە شانازی بەوە دەکات لەو سەردەمەدا کۆبانێی بەتەنیا بەجێنەهێشتووە.
لاهور شێخ جەنگی، لە یادی 10ـەمین ساڵیادی ئازادکردنی کۆبانێ لە دەستی چەکدارانی داعش پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئازادکردنی کۆبانێ داستانێک بوو لە خۆڕاگری لەبەرچاوی هەموو جیهان، گەلی رۆژاڤا بەتایبەت شەڕڤانانی هەسەدە گەورەترین سەرکەوتن و بەرخۆدانیان بۆ گەل و خاکەکەیان تۆمارکرد، کۆبانێیان لە دەستی رەشی گهورهترین رێكخراوی تیرۆریستی رزگارکرد.
لاهور شێخ جەنگی دەلێت، نەیانهێشت کۆبانێ لەو سەردەمەدا بە تەنیا بێت، ئەوکاتەی نەیارانی کورد پێمانوابوو بە پیلانگێرییەکانیان کۆبانێ دەخەن، ئێمە درکمان بەو پیلانە کرد و باکمان بەوە نەدا باجەکەی چی دەبێت و نەمانهێشت کۆبانێ تەنیا بێت.
ئەو سەردەمە پشتیوانیی کۆبانێ لای زۆرێک لە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبردن بوو بۆ پشکۆ لە ئاگردا، سیاسییەکانی باشور پێیان دەگوتم ئەوەی دەیکەی یاریکردنە بە ئاگر، دەمزانی ئەوەی بۆ کۆبانێ دەیکەم بەبێ باج نابێت، بەڵام دەمزانی خۆڕاگریی کورد لە رۆژئاوا بەرامبەر داعش دەبێتە سەرەتای مێژوویەکی نوێ بۆ پرسی کورد و بەهۆی هاوکاریکردنی کۆبانێوە هەست بە شانازییەکی نەتەوەیی گەورە دەکەم.
دەبێت پشتیوانیی نەتەوەیی لە سەروو حزبایەتی و ئایدۆلۆجیاوە بێت و پشتیوانی و هاوسۆزی ئەرکێکی نەتەوەییە و ناکرێت بۆ پڕوپاگەندەی حزبی بەکاربهێندرێت، بۆیە بۆ من وێنە گەورەکەی کورد گرنگە و لەسەر ستراتیجی نەتەوەیی و نیشتمانی دەمێنمەوە.