زووم..
سوپای تورکیا تۆپبارانی قەزای باتیفای سنوری ئیدارەی زاخۆی کرد و بەهۆیەوە خانووی هاووڵاتییەک تەقێندرایەوە و پێشمەرگەیەکیش برینداربوو.
کامەران عوسمان، بەرپرسی تیمی کوردستان رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای تورکیا لە یەکێک لەو بارەگا سەربازییە نوێیانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قفڵ کە لە هاوینی 2024ـدا لە سنوری ئیدارەی زاخۆ دروستیکردبوون، ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەیەکی لە لۆفەکانی زریزێ لە قەزای باتیفا بە ئامانج گرتوو و بە هۆیەوە، پێشمەرگەکە برینداربوو.
کامەران عوسمان دەشڵێت، ئۆتۆمبێلەکە لە نزیک بارەگایەکی پاسەوانی سنوری عێراقەوە بە ئامانجگیراو پێشمەرگە بریندارەکە لە لیوای چوار، فەوجی دوو پێشمەرگەیە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ دەوام بە ئامانجگیراوە.
هەروەها تۆپخانەکانی سوپای تورکیا لە زنجیرە چیای زریزێوە، خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنییان لە گوندی دێمکا بەئامانج گرت و تەقاندیانەوە.