زووم..
ئەمڕۆ وادەى ئاگربەستە 60 رۆژییەکەى نێوان سوپای ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان کۆتاییهات و هێشتا سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان نەکشاوەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، دەبوو لە ماوەی 60 ڕۆژدا، واتە لە 26ی تشرینى دووەمەوە کە ئاگربەست چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان و ناوچە سنوورییەکان بکشێنێتەوە، سوپای لوبنان و هێزەکانى یونیڤێڵی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەجێگەی ئەوان جێگیربکرێن.
وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەش حزبوڵا پاشەکشە بکات بۆ باکووری رووباری لیتانی کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوانیانەوە دوورە.
بەگوێرەى ئاژانسەکە، ئیسرائیل بە پاساوى ئەوەى هێشتا ئاگربەستەکە بە تەواوەتى نەچووەتە بواری جیبەجێکردنەوە و سوپاش لە ناوچەکە کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکانیان نەهێناوە، لە ناوچە سنوورییەکان نەکشاونەتەوە.