زیاتر لە مانگێکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، تاوەکو پارتی دیموکراتی کوردستان نەیەتە سەر خەت، قوباد تاڵەبانی ناگەڕێتەوە کۆبوونەوەکان و بایکۆتەکەی درێژەپێدەدات.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی نیگەرانە لە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، نیگەرانییەکەشی پەیوەندیی بە تەنها یەک بابەتەوە نییە، بەڵکو زیاد لە هۆکارێک ئەو دۆخەیان خوڵقاندووە.
بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی، هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، کە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دۆسیەی عەقید هاوکار جافەوە گەیشتە لوتکە. بەڵام ئەوەی زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد، ئەو جموجوڵە ئەمنییە بوو کە لە چواردەوری ماڵی قوباد تاڵەبانی لەهەولێر روویدا.
نیگەرانییەکانی قوباد تاڵەبانی دوو هێندە زیادیانکرد کاتێک لەدوای رووداوەکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەگوت.
سەرچاوەکەی زووم، کە بەرپرسێکی باڵای یەکێتییە، بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، چۆن دەبێت هێزێکی ئەمنی بچنە نزیک ماڵی جێگری سەرۆکوەزیران؟ لەوەش زیاتر، پاش مانگێک نە سەرۆکوەزیران و نە وەزیری ناوخۆ، تەنانەت پارێزگاری هەولێریش نەچونەتە سەرخەت و بەدەم کێشەکەوە نەچوون.
ئەم رووداوانە، کێشە کەڵەکەبووەکانی رابردووی نێوان پارتی و یەکێتییان زیندوو کردەوە، کە خۆی لە جێبەجێ-نەکردنی کارنامەی کابینەی حکومەت و کەمی بودجە و موچەی ئیدارەی سلێمانی دەبینێتەوە.
بایکۆتەکەی قوباد تاڵەبانی هەموو پایتەختی نەگرتووەتەوە، ئەو ئێستا لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە هەولێر دەوام دەکات و پێشوازیی لە میوانەکانی دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، ستافی نوسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران دەوام دەکەن و کارەکانی نوسینگەکەی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەبەن.
ئەوەی دەمێنێتەوە خودی قوباد تاڵەبانییە، کە تەنها بایکۆتی کۆبوونەوەکانی رۆژانی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە، بەڵکو لەو رۆژەوە هیچ نوسراوێکی حوکمیشی ئیمزا نەکردووە و نەچوەتە نێو باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە.