زووم..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لە هەنگاوە سەیرەکانی و لەدواین کاریدا بۆمبێکی وێرانکەری قەدەغەکراو دەدات بە ئیسرائیل و دەشیەوێت خەڵکی غەزە کۆچ بەرەو ئوردن و میسر بکەن.
سەرۆکى ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بۆمبی دوو هەزار پاوەندی (هەزار کیلۆیی) دەدات بە ئیسرائیل و دەڵێت: ئیسرائیل پارەی پێداوە و بۆیان دەنێرین.
ئەو بۆمبە یەکێکە لە بۆمبە هەرە وێرانکەرەکان و لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا ناردنی بۆ ئیسرائیل قەدەغەکرا بەهۆی ترسی لێکەوتنەوەی قوربانی گەورە دوای ئەوەی چەند جارێک ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی مەدەنی بەکاریهێنا، بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی غەزە، بەڵام ترەمپ ئەو بڕیارەی بایدنی هەڵوەشاندەوە.
بۆمبی یەک تۆنی دەتوانێت بەربەستی کۆنکرێتی ئەستوور و پۆڵا ببرێت و ناوچەیەکی گەورە وێرانبکات. بۆمبەکە هێندە بەهێزە کە بە پانتایی 15 مەتر و قووڵایی 11 مەتر چاڵێکی گەورە دروست دەکات. ئەو بۆمبە دەتوانێت 38 سانتیمەتر لە پۆڵا و 3.4 مەتر کۆنکرێت ببڕێت.

بۆمبی MK-84ـی یەک تۆنی کە قورسترین بۆمبە فڕۆکەی F-16 دەتوانێت هەڵیبگرێت
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە چەند رۆژی داهاتوو 1،800 بۆمبی MK-84ـی یەک تۆنی کە لە کۆگاکانی ئەمریکادان لەرێگەی ئاوییەوە دەگەیەنرێن بە ئیسرائیل.
ساڵی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئیدارەی بایدن لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 هەزارەها بۆمبی یەک تۆنی بۆ ئیسرائیل ناردووە تاوەکو توونێلەکانی حەماس تێکبشکێنێت، بەڵام واشنتن لە ئایاری ساڵی 2024 ناردنی ئەو بۆمبانەی بۆ ئیسرائیل قەدەغەکرد.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، قسەی لەگەڵ شا عەبدوڵای ئوردن کردووە لەبارەی پلانێک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێىوون بۆ خەڵکی غەزە و گواستنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی بۆ وڵاتانی دیکە.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە بە شا عەبدوڵای گوتووە، “حەزم دەکەم فەڵەستینی زیاتر وەربگری چونکە سەیری غەزە دەکەم و ئەوەی دەیبینم وێرانەیە.”
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، بەنیازە هەمان پلان لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، باس بکات.
ترەمپ گوتیشی، “دەبێت کارێک بکرێت چونکە غەزە بەتەواوی وێران بووە و خەڵک گیان دەدەن، بۆیە دەمەوێت لەگەڵ هەندێک وڵاتانی عەرەبی کار بکەم و بیانگوازینەوە بۆ شوێنێکی دیکە کە تێیدا رەنگە سەلامەت بن و لە ئاشتیدا بژین.”
ئەو پلانەی ترەمپ جێبەجێکردنی قورس دەبێت چونکە فەڵەستینییەکان ئامادەنین غەزە بەجێبهێڵن، تەنانەت لەکاتی جەنگیشدا کەرتی غەزەیان بەجێنەهێشت.